حەوت لیژنه پێشوازیان لە گەشتیاران كردووە
له پشووەكانی بەهار و جەژنی رەمەزان نزیكەی 70 هەزار گەشتیار روویان لە سلێمانی كردووە
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
لەماوەی هەفتەی پێشوو، بەبۆنەی پشووەكانی بەهار و جەژنی رەمەزانەوە گەشتیارێكی زۆر سەردانی سلێمانیان كردووە و وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانیش ئهوه ئاشكرا دهكات كه نزیكهى 70 هەزار گهشتیار بووه.
ئامارەكە بەو جۆرە وەرگیراوە، سێ رۆژی پێش جەژن، سێ رۆژی ناو جەژن و سێ رۆژی كۆتایی پشووەكە، بهڵام وهك دهردهكهوێت لە سێ رۆژی جەژن زۆرترین گەشتیار سەردانی پارێزگاكەیان كردووە.
گۆران قادر، وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی بە 964ـى راگهیاند، تاوهكو سێیەم رۆژی جەژنی رەمەزان 40 هەزار گەشتیار سەردانیان كردووە، بەڵام دواتر رێژەكە بەرزبووهتەوە و لەكۆتایی پشووشدا ژمارهى گهشتیاران گەیشتووهته نزیكەی 70 هەزار كهس.
وتیشی “پێش دەستپێكردنی پشووەكان، ئامادەسازی تەواومان كردبوو بۆ پێشوازی لە گەشتیاران، لەرێگەی حەوت لیژنەوە پێشوازیمان لە گەشتیاران كردووە و هەر رێنمایی و زانیارییەكیان پێویست بووبێت بۆمان جێبەجێ كردوون”.
لەبازگەكانی تاسڵوجە و عەربەت، دوو لیژنەیان هەبووە رێبەری گەشتیاریان بەسەر گەشتیاراندا بەهەردوو زمانەكانی عەرەبی و ئینگلیزی دابەشكردووە، دهشڵێت “كارئاسانی و هەماهەنگیمان بۆ كردوون لەگەڵ ئاسایشی بازگەكان و پۆلیسی هاتوچۆ، بۆئەوەی باشترین مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و هیچ ئاستەنگێكیان بۆ دروست نەكرێت”.
ههر ئهوهنا، گهشتوگوزارى سلێمانى، سەنتەرێكی زانیارییان لە سەهۆڵەكە داناوە، بۆ پێدانی زانیاری و رێنمایی بە گەشتیاران و هەر پێویستییەكیان هەبوبێت لەرێگەی ئەو سەنتەرەوە بۆیان دابین كردوون، لە ناوچە گەشتیارییەكانیش چاودێری دۆخەكە كراوە و هەموو هاوكارییەك كراون.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن