کەوشکەرانیش قوربانی یەکەمی مینن
“ئیدارەی سۆران چەقی ناوچەی مەترسیداری مینە”
964+
ئاکام غەفور – سۆران
بەهاری ئەمساڵ تاوەکو ئێستا پێنچ کەس لە سنووری سۆران بەر مین کەوتوون و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
تەواوی ئەو کەسانەی بەر مین کەووتون کەوشکەرانن، ئەو کەسانەی بە مەبەستی هێنانی گژوگیای بەهاری روو لە شاخەکان دەکەن و دەزگای مینیش دەڵێت، “ئیدارەی سۆران چەقی ناوچەی مەترسیداری مینە”.
عەلی عەبدورحمان، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای مینی هەولێر، بۆ 964 وتی، ”تیمەکانی هۆشیاری بەردەوام رێنمایی هاوڵاتیان دەکەن کە دووربکەونەوە لە ناوچە مەترسیدارەکان و کوێستانەکان، بەڵام بەشێک لە هاوڵاتییان پابەندی رێنمایەکان نین و تەواوی ئەو کەسانەشی بەر مین کەوتوون لەمساڵدا ئەوانەن کە بەمەبستی هێنانی گژوگیای بەهاری روویان لە ناوچە کوێستانیەکان کردووە”.
وتیشی، لە سنووری سۆران ناوچەی پیس بوو بە مین بەپلەی یەکەم قەزای چۆمانە، لە دوای ئەویش سیدەکانە، کە بەردەوام رێنمایی هاوڵاتیان و ئاژەڵداران دەکەین دووربکەونەوە لەم ناوچە سنووریانە.
دەزگای کاروباری مین لە رێگای 964 هاوڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە لە هەر شوێنێ هەستیان کرد ناوچەیەکی مینڕێژکراو لە شوێنی خۆیان بمێننەوە و پەیوەندی بە 182وەوە بکەن بۆئەوەی بە هانایانەوە بچن و بە سەلامەتی رزگاریان بکەن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر