لە پاشماوەی گەشتیاران

چەندین سەیرانگا لە سنووری سلێمانی پاكکرانەوە و ئامادەكران

964+

محەمەد فاتیح

سنوورى پیرەمەگرون – دوکان لە پاشماوەى گەشتیاران پاكکرایەوە و رێگای سەیرانگای بلكیان لە پێنجوێن رێكکرایەوە و ئامادەكراوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی بڵاویكردەوە لە هەڵمەتێکى بەرفراوان تەواوى سەیرانگاکانى سنورى (پیرەمەگرون، سورداش، دوکان، خەلەکان) لە پاشماوەى گەشتیاران پاکكرانەوە دوای ئەوەی لە جەژنى رەمەزان و رۆژانى دواتردا گەشتیارێکى زۆر سەردانى سەیرانگاکانیان کرد و پشووەکانى خۆیان لە کەشێکى جوانى بەهارەدا بەسەربرد.

“داوا لە هاوڵاتیان دەكەین بە گیانى بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ژینگەدا بکەن و پاشماوەکانیان لەشوێنى دیاریکراودا فڕێ بدەن، چونكە بەشێک لە گەشتیاران لە دەرەوەى ڕێنماییە ژینگەییەکان پاشماوەوى خۆڵ و خاشاک لە زەوییە کراوەکاندا بەجێدەهێڵن” ئەمە داواكاری بەڕێوەبەرایەتى گشتى شارەوانییەکانى سلێمانيه بۆ گەشتیاران.

هەر بەمەبەستی ئامادەكردنی سەیرانگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ گەشتیاران، رێگای سەرەكی سەیرانگای بلكیان لە پێنجوێن چاكردنەوە و رێكخستنەوەی بۆ كرا كە بەهۆی بارانبارینی ئەم دواییەوە تێكچووبوو.

“بلكیان” سەیرانگایەكی دڵگیر و بە ناوبانگی پێنجوێنە و بەدووری سێ كیلۆمەتر دەكەوێتە باكووری شارۆچكەكە، ساڵانە و بەتایبەت لە وەرزی بەهاردا گەشتیارێكی زۆر بۆ بەسەربردنی كاتە خۆشەكانیان روودەكەنە سەیرانگاكە.

ناوچەی گەشتیاری شەمێران خاوێن دەکرێتەوە

ناوچەی گەشتیاری شەمێران خاوێن دەکرێتەوە