سەریانی شکاندووە
تەرزەکەی رواندز پێنج کەسی ناردە نەخۆشخانە
964+
ئاکام غەفور-سۆران
بەهۆی تەرزە بەهێزەکەی ئەمڕۆی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە رواندز پێنج کەس سەریان شکاوە و بریندار بوون.
ئەو کەسانەی سەریان شکاوە هەموویان پیاو بوون، تەمەنیان سەرووی 20 ساڵ بووە، سێ کەسیشیان شکانەکەیان زۆر بووە، لە نەخۆشخانە برینەکەیان دووراوەتەوە.
دکتۆر سەپان قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رواندز بە 964ـی وت، پێنج حاڵەت هاتووە بۆ نەخۆشخانەکەمان کە بەهۆی تەرزەوە سەریان شکاوە، لە نەخۆشخانەکەمان چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.
وتیشی، سێ کەسیان پێویستیان بە دوورینەوەی برینەکە هەبوو کە بە دوو تەقەڵ و سێ تەقەڵ برینەکەمان بۆ دوورینەوە، ئەمە جگە لەوەی چەند حاڵەتێکی تری سەرشکانیش هەبووە نەهاتوون بۆ نەخۆشخانە.
وەک نەخۆشخانەی رواندز باسی دەکات، بوونی سەرشکان بە تەرزە حاڵەتێکی نامۆیە و لە رابردوودا تەرزەی وا بەهێز نەباریوە کە خەڵک سەری بشکێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی