کێڵگەیەکى نەوتى هەرێم
مەرجی هەناردەکردنەوەی نەوت
وتەبێژی ئەپیکۆر بۆ 964: گەرەنتیمان دەوێت بۆ رێککەوتنەکان
964+
ژووری هەواڵ
کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان مەرجیان هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە راوەستاوە و وەزارەتی نەوتی حکومەتی عێراقیش دەڵێت، بەربەست بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دروست دەکریت.
مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئەپیکۆر) بە 964ـی راگەیاند، دەیانەوێت رێککەوتنەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گرەنتیان هەبێت و لە رێگەی گرێبەستەوە دڵنیایی بدرێت لە پێدانی حەقدەستی دەرهێنان و پاڵاوتن و هەناردەکردنی نەوت.
مەرجێکی دیکەی کۆمپانیا نەوتییەکان ئەوەیە، داوا دەکەن راوێژیان پێبکرێت و هیچ رێککەوتنێکی پەیوەست بە بەرهەمی نەوتیی ئەو کێڵگانەی کە ئەوان کاری تێدا دەکەن، بەبێ راوێژی ئەوان ئەنجامنەدرێت.
وتەبێژی ئەپیکۆر دەشڵێت، کۆمپانیا نەوتییەکان پابەندن و دەیانەوێت هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام دەبێت لە بڕگەی 12ـی یاسای بودجەی عێراقدا ئاماژە بە ماف و شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان بدرێت.
دوێنێ هەینی 4.4.2025، وەزارەتی نەوتی عیراق وەڵامی هەڵوێستێکی ئەپیکۆری دایەوە، کە وەزارەتەکەی بەوە تۆمەتبار کردبوو ئامادەی رێککەوتن نییە لە بارەی هەناردەی نەوت لە رێگە بەندەری جەیهانی تورکی.
ئەو وەزارەتە لە راگەیەندراوێکدا وتی، ئەو بانگەشانەی کراون گوایە وەزارەت ئامادەنیە بۆ دانوستان لەسەر چارەسەرێک، کە ئەو گرێبەستانە جێبەجێ بکات کە لە نێوان کۆمپانیاکانی ئەپیکۆر و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون، ناڕاست و چەواشەکارانەیە.
لە بەرامبەردا، وەزارەتەکە باسی لەوەکردووە، کار دەکات بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی دروستی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە کە لە 2ی شوباتی 2025 پەسەندکرا، بۆ ئەوەی هەناردەکردن لە رێگەی بۆری عێراق – تورکیاوە بە زووترین کات دەست پێبکاتەوە.