سووتانی دارەسووتاوەكە
“دوكاندارەكان گومانیان هەیە و پاسەوانیش ئاگادار نەبووە”
964+
دیلان محەمەد جەزا
بەهۆی سووتانی بازاڕی دارەسووتاوەكەی سلێمانی، كاسبكارانی بازاڕەكە زیانی دارایی زۆریان بەركەوتووە و یەكێك لە دوكاندارەكان دەڵێت، زیاتر لە 30 دەفتەر دۆلار زیانی كردووە، یەكێكی دیكەش دەشڵێت گومانیان هەیە لە سووتانی بازاڕەكە،
ئەم بەیانییەی شەممە 5.4.2025 بازاڕی دارەسووتاوەكە لە سلێمانی سووتا و زیانێكی زۆری بەركەوت.
پەیامنێری 964 لەگەڵ چەند دوكاندارێكی بازاڕەكە قسەی كرد و یەكێكیان وتی، “بەم دواییە بازاڕەكە نۆژەنكرایەوە، پەردەی لێ نەمابوو، كۆڵانەكانی فراوان كرابوو، كارەبای بەسەرەوە نەبووە، گومان لە سووتانەكە هەیە، بە تایبەتی دوێنێ ئێوارە كاری لەحیم لە بازاڕەكە كراوە، پاسەوانی بازاڕەكەش وتوویەتی ئاگای لە هیچ نەبووە”.
وتیشی، “زیانی 200 هەزار دۆلارمان بەركەوتووە، “20 دەفتەر”.
یەكێكی دیكە لە دوكاندارەكان ئاماژەی بەوەدا زیانی 300 هەزار دۆلاری بەركەوتووە و هیچی بۆ دەرنەچووە.
لە بارەی كەوتنەوەی ئاگرەكە، عەمید دیار بەڕێوەبەرى بەرگریى شارستانى سلێمانى لە شوێنى رووداوەکە بە 964ـى وت، کاتژمێر 6:22 خولەک تیمەکانیان ئاگادار کراونەتەوە و بەزوویى گەیشتوون، بەڵام کە گەیشتوون ئاگرەکە تەشەنەى کردووە، بۆیە پێدەچێت درەنگ ئاگادارکرابنەوە.
وتیشی، لێكۆڵینەوە دەكەن بۆ زانینی هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا