هاوسەر و کچەکەى برینداربوون

جەڵتە لێیداوە؛ تاکسییەک تووشى رووداوى هاتوچۆ بوو و شۆفێرەکەى گیانى لەدەستدا

964+

ئەحمەد محەمەد- سلێمانى

کەمێک لەمەوبەر، رووداوێکى هاتوچۆ لە نزیک بەنزینخانەى پیشەسازى سلێمانى روویدا و بەهۆیەوە شۆفێرێکى تاکسى گیانى لەدەستدا و هاوسەر و کچەکەى بریندار بوون.

بەپێى پشکنینە سەرەتاییەکان شۆفێرەکە جەڵتە لێیداوە و بەوهۆیەوە رووداوەکە دروستبووە

سامان نادر، بەرپرسى سەنتەرى فریاکەوتنى خێراى سلێمانى بە 964ـى وت،”کەمێک لەمەوبەر، رووداوێکى هاتوچۆ لە نزیک بەنزینخانەى پیشەسازى لەسەر شەقامى 60 مەترسى سلێمانى لە نزیک تراییە کۆنەکە روویدا”.

وەک باسى دەکات، ئەو ئۆتۆمبێلەى توشى رووداوەکە بووە ئۆتۆمبێلێکى تاکسى بووە و بەهۆیەوە شۆفێرەکە گیانى لەدەستداوە و کچ و هاوسەرەکەشى بریندار و دەست و قاچیان شکاوە.

بەوتەى سامان نادر، بەپێى پشکنینە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە، شۆفێرەکە بەهۆى ئەوەى جەڵتە لێیداوە ئۆتۆمبێلەکەى بۆ نەگیراوەتەوە و توشى ئەو رووداوە بووە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح