باڵەخانەی وەزارەتی نەوتی عێراق _ وێنە: وەزارەتی نەوت
داوای کۆبوونەوەی بەپەلە دەکات
نەوتی عێراق وەڵامی ئەپیکۆری دایەوە و دەڵێ تەحەداکان رێگرن بۆ رێکەوتن
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی نەوتی عیراق وەڵامی هەڵوێستێکی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان “ئەپیکۆر” دەداتەوە، کە وەزارەتەکەی بەوە تۆمەتبار کردبوو ئامادەی رێککەوتن نییە لە بارەی هەناردەی نەوت لە رێگە بەندەری جەیهانی تورکی.
ئەو وەزارەتە لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ 4.4.2025 دەڵێت، ئەو بانگەشانەی کراون گوایە، وەزارەت ئامادەنیە بۆ دانوستان لەسەر چارەسەرێک کە ئەو گرێبەستانە جێبەجێ بکات کە لە نێوان کۆمپانیاکانی APICOR و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون ناڕاست و چەواشەکارانەیە.
لە بەرامبەردا، وەزارەتەکە باسی لەوەکردووە، کار دەکات بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی دروستی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە کە لە 2ی شوباتی 2025 پەسەندکرا، بۆ ئەوەی هەناردەکردن لە رێگەی بۆری عێراق – تورکیاوە بە زووترین کات دەست پێبکاتەوە.
بەپێی هەمواری بودجە، وەزارەتی دارایی عێراق قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی خاو دەکاتەوە کە رادەستی رێکخراوی بەبازاڕکردنی نەوت “سۆمۆ” یان بۆ وەزارەتی نەوت دەکرێت، وەزارەتەکە دەڵێ، حکومەتی عێراق هەنگاوی کۆنکرێتی و جددی ناوە بۆ نیشاندانی نیەتپاکی خۆی لە دانوستانەکان و دڵنیابوون لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆری عیراق-تورکیا (ITP) بە خێرایی و بەرپرسیارانە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ پێی وایە، فرۆشتنی نەوت لە ڕێگەی نایاسایی و لە دەرەوەی بەرپرسیارێتی سۆمۆ و میکانیزمەکانی فرۆشتنی، پێشێلکردنی مافەکانی گەلی عێراقە، هەروەها بە ئاشکرا داکۆکی لە هەموارکردنی ئەم دواییەی یاسای بودجەی گشتی کرد، بۆیە حکومەت لە بەرزترین ئاستەکاندا سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانەیە بۆ ئەم پرسە، وەزارەتی نەوت وای نوسیووە.
ئەوەش ئاشکرادەکات، تەحەدای سەرەکی لەم دانوستانانەدا ئەوەیە کە هەر جارێک پێشکەوتن لە رێگەی رێککەوتنێکی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت، هەنگاوی نەرێنی دەگیرێتەبەر، بەڵام لەلایەن حکومەتی عیراقەوە نا، چونکە داواکارییە ناڕاست و نایاساییەکان رێگری لە پێشکەوتنەکان دەکەن بەرەو یەکلاییکردنەوەی کۆتایی.
وەزارەتەکە، پابەندی حکومەتی عێراق بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لایەنەکان و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییە دووپات کردووە، لەوانەش بەرژەوەندی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان، بەپێی یاسا کارپێکراوەکان و رێککەوتنە ئەنجامدراوەکان.
وەزارەتی نەوت، داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان و دیالۆگ بەمەرجێک دانوستانەکان بەگوێرەی یاسای بودجەی هەموارکراو بێت، هەروەها بگاتە میکانیزمێکی کارکردنی روون کە مافەکانی عێراق بپارێزێت و پابەندبوونەکانی بەرامبەر وەبەرهێنەران گەرەنتی بکات.