سوپا و یەپەشە ناکۆکن

دوو شەوە لە شەنگال خەڵک بە دەنگی تەقینەوەی بەرز رادەچەڵەکن

964+

ئەحمەد مستەفا

دوو شەوە لە ناوەندی قەزای شەنگال خەڵک بە دەنگی بەرزی تەقینەوە رادەچەڵەکن، دوو سەرچاوەی سەربازی دەڵێن، ئەو پێنج ئەندامەی هێزەکانی یەپەشە “یەکینەکانی پاراستنی شەنگال” کە دەستگیرکراون لەلایەن سوپاوە بووە بە کرۆکی ئاڵۆزی لە قەزاکەدا.

هێزێکی سوپای عێراق و ژمارەیەک ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی شەنگال “یەپەشە” شەوی 19.3.2025 ئاڵۆزی لە نێوانیان دروست بوو، لە هەردوولا ژمارەیەک ئەندامی هێزەکان برینداربوون، دواتر سوپای عێراق پێنج ئەندامی هێزەکەی یەپەشە-ی دەستگیرکرد.

ئەو شەوە، سوپای عێراق لە گەرەکی یەرمووکی شەنگال، کەمینیان بۆ ئۆتۆمبێلێکی شەڕڤانانی یەپەشە دانابوو، میدیا خۆجێیەکانی نزیک لە یەپەشە وایان گواستەوە، لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکە سێ ئەندامی هێزەکە برینداربوون، کە برینی یەکێکیان سەختە.

دوو سەرچاوەی سەربازی ئەمڕۆ هەینی 4.4.2025، لە شەنگالەوە بە 964یان وت، دوو شەوە دەنگی عبوە و تەقینەوەی بەرز لە ناوەندی شەنگال دەبیسترێ، بەڵام ئەوەی  شەوی رابردوو دەنگەکەی بەهێزتر بووە.

ئەو سەرچاوانە، هۆکارەکەی بۆ بوونی ئاڵۆزی لەنێوان سوپای عێراق و یەکینەکانی یەپەشە گەڕاندەوە، “بەبێ ئەوەی روونبکرێتەوە چ لایەنێکن عبوە یان تەقینەوە دادەنێن” بەتایبەت پاش رووداوەکەی گەڕەکی یەرمووک، سەرەڕای ناکۆکی لە ئالیەتی بەڕێوەبردنی ناوچەکانی شەنگال و دۆسیەی ئەمنی، تائێستا سوپا ئەندامەکانی یەپەشەی ئازاد نەکردووە و ئەندامەکانی ئەو هێزەش فشار بۆ ئازادکردنیان دەکەن.

لە بارەی ئاسەواری تەقینەوەکان و زیانی لاوەکی، ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەکرد، هەندێکجار بۆمبی دەنگییە، ئەوەی تائێستا بۆ ئێمە پشتڕاست کراوەتەوە، هیچ زیانێکی گیانی لەو تەقینەوانە نەبووە، بەڵکو زیاتر وەک فشار و تەحەدی بەکارهێنراوە.

لە ئاڵۆزییەکەی شەنگال بریندار هەیە؛ پۆلیس و یەپەشە شەڕ...

لە ئاڵۆزییەکەی شەنگال بریندار هەیە؛ پۆلیس و یەپەشە شەڕیانە