كەلار

خێرخوازێک: دەمەوێت سەنتەری ئۆتیزم بكەمەوە و رێگرییم لێدەكرێت

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

لە قەزای کەلار ھیچ سەنتەرێکی حکومی بۆ تووشبوانی ئۆتیزم نییە، ئەوەی ھەیە چەند سەنتەرێکی ئەھلیین، خێرخوازێک دەیەوێت سەنتەرێکی ئۆتیزم لە قەزای کەلار بکاتەوە و دەڵێت، رێگرییان لێدەکرێت بۆ کردنەوەی سەنتەرەکە، بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری کۆمەڵایەتیی گەرمیانیش ئەو قسانەی خێرخوازەکە رەتدەکەنەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، خێرخواز و ژمارەیەک لە چالاکوانانی کەلار لەگەڵ کەسوکاری تووشبوانی ئۆتیزم لە بەردەم بینای سەنتەری ئۆتیزمەکە گردبوونەوە.

ئامانج جەمال، ئەو خێرخوازەیە دەیەوێت سەنتەرەکە بکاتەوە و بە 964ى وت،”ئەمڕۆ ھاتووینە کەلار سەنتەرێکی ئۆتیزمی خێرخوازی بکەینەوە، دەمانەوێت لەھەموو شارەکانی ھەرێمی کوردستانیش سەنتەر بکەینەوە”.

“پێیان وتین مۆڵەتتان نییە و ناتوانن سەنتەرەکە دابنێن، لە کاتێکدا وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی خۆیان سەرقاڵی مۆڵەتەکەمانن، بەڵام دەڵێن تا مۆڵەتەکە تەواو نەبێت نابێت سەنتەرەکە دابنێن”، ئامانج جەمال وای وت.

مەھاباد عەبدوڵا، منداڵی ئۆتیزمی ھەیە و بە 964ى وت، “کردنەوەی سەنتەرەکە بۆ خەڵکی ھەژار زۆر گرنگە، خۆمان لە خانووی کرێین و پیاوەکەم کرێکاری دەکات، توانای ئەوەمان نییە منداڵەکەمان بخەینە سەنتەرە ئەھلییەکانەوە”.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی گەرمیان، روونکردنەوەیەکی لەسەر کردنەوەی ئەو سەنتەرە بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت، “ھەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە باس لە رێگریکردنی وەزارەتی کار دەکەن بۆ کردنەوەی سەنتەری حکومی ئۆتیزم لە کەلار، بینا و ھەموو پێداویستییەکانی سەنتەرەکەمان ئامادە کردووە”.

ئەوەش ھاتووە، “وەزیری کار چەند جارێک داوای لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ دامەزراندنی ستافی تایبەت، لە ھەوڵداین لە چوارچێوەی رێنماییەکان، لە داھاتوویەکی نزیکدا سەنتەری حکومیی ئۆتیزم لە کەلار بکەینەوە”.

پێداچوونەوە؛ ئەرسەلان عەبدوڵا

" بۆ كردنەوەی سەنتەری ئۆتیزم لە كەلار رێگری لە وەزارەتی كار نەكراوە"