رێژەكە نزیكەی 10هەزارە
لە چاو جەژنی پێشوو هاتنی گەشتیاران بۆ سلێمانی كەمیكردووە
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
لەماوەی سێ رۆژی جەژنی رەمەزان، هاتنی گەشتیاران لە سلێمانی بەراورد بەجەژنی پێشوو كەمیكردووە و تا ئەمڕۆ نزیكەی 40 هەزار گەشتیار سەردانیان كردووە.
بەپێی ئاماری جەژنی رەمەزانی پێشوو، لەماوەی سێ رۆژی جەژن نزیكەی 50 هەزار گەشتیار سەردانی شارەكەیان كردبوو، بەڵام ئەم جەژنە رێژەكە دابەزیووە.
لەبارەی سەردانی گەشتیاران لەم جەژنەدا، گۆران قادر وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی بە 964ـی وت، لەماوەی رۆژانی پشووی جەژن و بەتایبەت لەم سێ رۆژەی جەژن دا، نزیكەی 40 هەزار گەشتیار سەردانی سلێمانیان كردووە و پێشبینی بەرزبوونەوەی ئامارەكان دەكەین، چونكە گەشتیاران تاوەكو كۆتا رۆژی پشووەكان سەردان دەكەن.
“بارودۆخی شەڕو ئاڵۆزی وڵاتانی دراوسێ، دابەزینی بەهای دراوی تمەنی ئێرانی، هۆكارن بۆ كەمی رێژەی گەشتیاری ئەمساڵ و كاریگەری خۆی هەیە” گۆران قادر وای وت.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەپلەی یەكەم گەشتیاری عەرەب سەردانی پارێزگاكەیان دەكەن، گەشتیارانی ئێرانی و رۆژهەڵاتی كوردستانیش بە پلەی دووەم دێن، لەهەرسێ دەروازەی فڕۆكەخانەی سلێمانی و بازگەی تاسڵوجەو عەربەتەوە گەشتیاران روودەكەنە سلێمانی.
سلێمانی خاوەنی نزیكەی 10 هۆتێلی پێنج ئەستێرەیە و زیاتر لە هەزار شوێنیش مۆڵەتی گەشتیاریان هەیە، كە پێكهاتوون لە زیاتر لە 100 هۆتێل، 120 مۆتێل، 20 كۆمەڵگاو گوندی گەشتیاری، كە شەش هەزار ژووری مانەوە لەخۆدەگرێت و توانای وەرگرتنی 25 هەزار گەشتیاریان هەیە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی