پارەی عێراقی جۆری 25 هەزار دیناری _ وێنە: 964
بۆ وزەی نوێبوەوە یە
بانکی ناوەندی عێراق بڕ و ماوەی دانەوەی قەرزێکی درێژ کردەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
بانکی ناوەندی عێراق، قەرز تا 300 ملیۆن دینار و دانەوەی لە ماوەی حەوت ساڵ دیاری کرد، ئەوەش بۆ ئەو کەسانەی پڕۆژە یان کار دەکەن، لە رێکارەکانی دەستپێشخەریی وزەی نوێبوەوە.
وزەی نوێبووەوە کە زۆرجار بە وزەی پاک ناودەبرێت، لە سەرچاوە سروشتییەکان یان پرۆسەکانەوە بەدەست دێت لەوانە خۆر و با، کە دەکرێ لە پڕۆژەکاندا سوودی لێ ببیینرێ و ئەم قەرزەش هاوکار و هاندەرێکە بۆ ئەو هەنگاوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10.4.2025، بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بە گوێرەی دوایین هەمواری بانکەکە لە بارەی پێدانی قەرز، چەندین گۆڕانکاری گرنگ لەم دەستپێشخەرییەدا کراوە، کە سەقفی پێشینەی پارە بۆ هەر بانکێک بە 300 ملیۆن دیناری عێراقی دیاریکراوە و ماوەی دانەوەی قەرزەکان بۆ حەوت ساڵ درێژکراوەتەوە.
رێژەی سوودی پێشینەکانیان کەم کردووەتەوە، بەجۆرێک کە سوودی بانکی ناوەندی تەنیا 0.5% دەبێت.
لە کاتێکدا بانکە بازرگانییەکان دەتوانن سوودەکە بە 2.5% دیاریی بکەن، ئەمەش دەبێتە هاندەرێک بۆ هاوڵاتیان و پڕۆژەکان بۆ سوودوەرگرتن لە دەستپێشخەرییەکە.