یەکەم رۆژى جەژن

هاتوچۆى بازرگانى لە باشماخەوە دەوەستێت

964+ 

کامیار کەمال- پێنجوێن

لە یەکەم رۆژی جەژنى رەمەزان بۆ ماوەی 24 کاتژمێر، هاتوچۆى بازرگانى لە دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخەوە دەوەستێت.

هاتوچۆى گەشتیاریى ئاساییە

مەریوان کەریم لێپرسراوی راگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بە 964ـى راگەیاند، ساڵانە لە هەردوو جەژنی رەمەزان و قوربان بۆ ماوەی 24 کاتژمێری یەکەم رۆژی جەژن هاتوچۆی بازرگانی دەوەستێت لە دەروازەکە.

“لە یەکەم رۆژى جەژن هەموو کارووبارەکان و هاتوچۆی گەشتیاریى ئاساییە و ناوەستێت”، مەریوان کەریم واى وت.

جەختیش دەکاتەوە، دووەم رۆژى جەژن، هاتوچۆى بازرگانیش ئاسایى دەبێتەوە

وەک باسى دەکات، هەرچەندە رۆژى جەژن لە دیوى ئێران لەگەڵ هەرێمى کوردستان رۆژێک جیاوازى هەیە، ولتل یەکەم رۆژى جەژن لە دیوى ئێران دووەم رۆژى جەژنە لە دیوى هەرێم، بۆیە لە دیوى رۆژهەڵاتەوە هیچ بڕیارێک نەدراوە و ئاگاداریشن لە بڕیارەکەى دیوى هەرێم.

ئاشکراشى کرد، لەماوەى شەش رۆژى رابردوودا، 21 هەزار و 500 گەشتیار لە دەرواوەکەوە هاتوچۆیان کردووە.

دەروازەی سنووری باشماخ قەزای پێنجوێنى سنوورى هەرێمى کوردستان بە شارى مەریوان دەبەستێتەوە کە دەکەوێتە دیوى رۆژهەڵاتى کوردستان.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

زیاتر لە 24 هەزار گەشتیار لە مەرزی باشماخەوە هاتوچۆیان ...

زیاتر لە 24 هەزار گەشتیار لە مەرزی باشماخەوە هاتوچۆیان کردووە