مامۆستایانی ئایینی چی دەڵێن؟
هەر دوكانێكی پێنجوێن تەقەمەنی بفرۆشێت دادەخرێت
+964
کامیار کەمال- پێنجوێن
مامۆستایانی ئایینی لە پێنجوێن بەشێکی ئەمڕۆی وتاری هەینییان تەرخان کرد، بۆ بەرچاوڕوونی لەسەر فرۆشتن و مامەڵەی تەقەمەنی و دەڵێن مامەڵەکردنی دروست نییە، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتیش ئاشكرای كرد، هەر دوكانێك تەقەمەنی بفرۆشێت، دایدەخەن.
غەریب مستەفا سەرۆکی لقی پێنجوێنی یەکێتی زانایانی کوردستان لەو بارەیەوە بە 964ی وت، ئەمڕۆ لە وتاری هەینی زۆر جەختیان کردوەتەوە کە دوکاندار و منداڵان دووربکەنەوە لە تەقەمەنی و ئارامی کۆڵانەکان بپارێزرێت.
وتیشی، ئەوان وەک فەتوا ناتوانن بە رەهایی بڵێن حەرامە، بەڵام بەهۆی ئەوەی زیانی هەیە بۆ منداڵ و دەبێتە هۆی سووتان و تێکدانی ئارامی و دەروونی بۆ هەندێک کەس، ئەوا فرۆشتنی دروست نییە.
ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت هەوڵ بدەن منداڵان بە شتێکی دیکە دڵخۆش بکەن و شتی جوانتریان پێبدەن نەک تەقەمەنی لەبەر ئەوە پێویستە دایک و باوک رۆڵی خۆی بگێڕێت لەو بابەتەدا.
سەروەر کەریم، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، مامەڵەکردن بە تەقەمەنییەوە قەدەغەیە و لە کاتی دەستبەردا گرتنی دوکانەکە دادەخەن و رێکاری یاسایی دەگرنەبەر.
وتیشی، ئاگادارن لە پێنجوێندا مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەڵام براوەتە ناو ماڵ و کۆڵانەکان و لە کاتی گەڕاندا ناتوانن بیدۆزنەوە، بەڵام بەردەوامن لە گەڕان و پشکنین بۆ تەقەمەنی.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا