مەترسی وشکبوونی گەنمی جوتیاران هەیە

کاریگەرییەکانی کەمبارانیی لە دەشتی بیتوێن دەرکەوتن

964+

رێباز عەزیز – رانیە

هەرچەندە تا ئێستا کەس دانی بە وشکەساڵی لە کوردستان نەناوە، بەڵام کاریگەرییەکانی کەمبارانی وردە وردە دەرکەوتن و لە ترسى وشکبوونی دەغل و دانیان، جوتیارانی دەشتی بیتوێن پەنایان بردووەتە بەر ئاودان بە مەڕەشە.

عادل ئەمین جوتیارێکی بەئەزموونی بیتوێن بە  964ـی وت، “بۆ ئەوەی دەغڵ و دانمان وشک نەبێت پەنامان بۆ ئاودانی دەستکرد بردووە، هەرچەند بۆ ئەمساڵ بێهیوابووین لە گەنمی باش، چونکە ئەگەر باران نەبێت دانەوێڵەکەش باش نابێت”.

“ئەو زەویانەی دەکرێنە گەنم، دێمەکارن و بە کەڵکی گەنم و کاڵەک دێن، بەڵام گەنم دەبێت ئاوی هەبێت، ئەوەش بۆ ئێمە تێچووی زۆرە، چونکە دەبێت بە تانکەر یان بە بۆری لە جۆگە و سەرچاوەی دیکە ئاویان بۆ رابکێشین”، عادل ئەمین وای وت.

سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندی کرد بە خالید ئەحمەد بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی راپەڕین، ئەو وتی، “تا ئێستا وەزارەتی کشتوکاڵ راینەگەیاندووە کە وشکەساڵییە و هیچ پلانێکیشی لەسەر ئەو پرسە نەخستووەتەڕوو، راستە کە باران کەم باریوە بەڵام نەبۆتەهۆی وشکبوونی گەنم و هیچ بەروبوومێکی تر، چونکە هێشتا سەرەتای وەرزی بەهارە”.

بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی راپەڕین،  تائێستا رێژەی بارانبارین لەمساڵدا لە رانیە گەیشتووەتە 169 ملم، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو لەم کاتەدا 667.9 ملم بووە، واتە جیاوازییەکە 498.7 ملمە، بۆیە بەشێک لە جوتیاران پێیانوایە، مەترسی وشکەساڵییە هەیە.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری