گرتە ڤیدیۆیەک کاردانەوەی دروستکرد

مامۆستاکەی مزگەوتی جەلیل خەیات زوو نوێژی دەستپێکردووە

964+
دەشتی عارف ـ هەولێر

بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە سۆشیال میدیا بەم شەوی قەدر دەنگدانەوەی زۆری دروست کردووە، گوایە لە کاتژمێر 12:30، مزگەوتی جەلیل خەیات داخراوە و نوێژ خوێنان رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.

پەیامنێری 964 هەرزوو خۆی گەیاندە مزگەوتەکە، چونکە گرتە ڤیدیۆییەکە وای نیشان دەدات بە زۆر لەمزگەوت و دەکراون و ژمارەیەک کەس، گلەییان لەوە دەکرد، بە شەوی قەدر چۆن دەبێ مزگەوت ئەوەندە زوو دابخرێ.

ئەحمەد کاوێز، کارگێری مزگەوت، باسی رووداوەکەی کرد و وتی، “کاتژمێر 11:30 تاوەکو 12:30 نوێژی (سەڵات ولتەزبیع)مان کرد، کە تەواو بووین چەند کەسێک هاتن وتیان نوێژ دەکەین، منیش وتم نوێژەکە تەواو بووە دەتوانن بە تەنیا بۆ خۆتان نوێژ بکەن، بەڵام چەند کەسێک بابەتەکەیان بەهەڵە لێکدایەوە و وایان زانی وتوومە شەوی قەدر تەواو بووە، ئەمەش بووە هۆی دروست بوونی ئەو کێشەیە ئەگەرنا ئەوەتا کاتژمێر سێیە مزگەوت کراوەتەوە و نوێژخوێن لە ژوورەوەن”.

عەبدوڵا فەرهاد، نەوەی جەلیل خەیات، قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “مزگەوت ماڵی خوایە و کەس بۆی نیه دەرگای ماڵی خوا دابخات، ئەوەشی روویداوە هەڵە تێگەیشتن بووە و چەند کەسێکیش وەکو تێکدەر هاتوون بابەتەکەیان بەلارێدا بردووە”.

شەوی قەدر پیرۆزترین شەوە لە مانگی رەمەزان و زۆرێک لە هاوڵاتیان هەر لەدوایی نوێژی شێوانەوە تاوەکو بەرەبەیان لەمزگەوت دەبن و نوێژ دەکەن و قورئان دەخوێنن، یەکێکیش لەو مزگەوتانەی کە سەردانی دەکرێت مزگەوتی جەلیل خەیاتە کە یەکێکە لە گەورەترین مزگەوتەکانی شاری هەولێر و ناوێکی دیاری شارەکەیە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

مامۆستا وشیار: شەوی قەدرە 10رکات نوێژ و نزای خێری زۆر هە...

مامۆستا وشیار: شەوی قەدرە 10رکات نوێژ و نزای خێری زۆر هەیە بیکەین