"ئەمشەو کارەبایان دێتەوە"
ئۆتۆمبێلێک لە ستونێکی داوە و ناوچەی داودەی بێ کارەبا کردووە
964+
سیروان خورشید – دوزخوماتوو
زیاتر لە 24 کاتژمێرە کارەبای بەشێکی ناوچەی داودە لە سنوری دوزخورماتوو بچڕاوەو ناوچەکە بێ کارەبا ماونەتەوە، دەکەوتووە گرفت لە کێبڵی ستوونەکانی کارەبا هەیە.
کارمەند دێن و چاکی دەکەن، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک دیسانەوە کێبڵەکان تەحەمولی فشار ناکەن و ئەو گوندانە دیسانەوە دووچاری بێ کارەبایی دەبنەوە.
هەڵکەوت محەمەد، دانشتووی گوندی قومپەڵک لە ناوچەی داودە بە 964ـی وت، ماوەیەکە دۆخی کارەبای گوندەکانیان زۆر خراپ بووە، بەجۆرێک لەهەفتەیەکدا سێ بۆ چوار جار کێشەی بێ کارەبای روویان تێدەکات.
964 پەیوەندی بەفازڵ عەباس، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارەبای دوزخورماتوو کرد، ئەو وتی، هۆکاری سەرەکی کێشەی کارەبای ناوچەی داودە، زۆری رێژەی ئەو بیرەئاوانەیە کە خەڵکی و جوتیارانی ناوچەکە دروستیان کردووە، ئەوەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەشە کارەبای ناوچەکە دروستکردووە بەو پێیەی ئامێر و ماتۆڕەکانی ئاوی بیرەکان بەشێوەی راستەوخۆ دراوە لەکێبڵە سەرەکییەکانی ناوچەکە.
بە قسەی ئەو، هۆکاری بچڕانی کارەبایی بەشێکی ناوچەکە لەدوێنێ وە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی سوپای عێراق کۆنتڕۆڵی لەدەست داوەو بەهەڵە خۆی کێشاوە بەتاوەرێکی کارەبای سەرەکی ناوچەکەو بەهۆیەوە کێبڵەکانی شۆرتیان کردووە و بەشێکی ناوچەکەی بێ کارەبا کردووە.
لەگەڵ ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، تیمەکانیان ناردووەتە ناوچەکە و سەرقاڵی چاککردنی کێشەکەن، ئەو بەڕئوەبەرە وتی، تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی ئەمشەو چارەسەر دەبێت و کارەبا دەگەڕێندرێتەوه ناوچەکە، ناوچەی داودە لەسنوری دوزخورماتوو زیاتر لە 40 گوندی لەسەرە، ماوەی چەند مانگێکە دۆخی کارەبایان زۆر خراپەو بەردەوام بەرێگای فەرمانگەی بەشی کارەباوەن بەڵام تائێستا بەدەست ئەو کێشەیەوە دەناڵێنن.