"دەست لە خودا نەبێ لە کەس پان ناکەمەوە"
بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان رێگایەکی دوور و درێژی بڕیوە و خێزانەکەی جێهێشتووە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
مام سەید سەرەڕای هەڵکشانی تەمەنی، ماوەی سێ ساڵە لە سلێمانییەوە دەچێتە هەولێر و بەجانتایەکی بچووک و گۆچانەکەی دەستی، کوچە و کۆڵان و شەقامەکانی شار دەپێوێت، بۆ ئەوەی پارووە نانێکی حەڵاڵ بۆ خۆی و خێزانەکەی پەیدا بکات.
ئیبراهیم بەرزنجی کە لەناو خەڵکدا بە مام سەید ناسراوە، لەکاتی وەرگرتنی وچانێکی کورت بۆ 964 دوا و وتی، “لە سلێمانییەوە هاتوومەتە هەولێر و خێزانێکی چوار کەسین، کوڕێکم کەمێک ناسازە و کوڕەکەی دیکەشم ژنی هێناوە، جاربەجار یارمەتی ئەویش دەدەم”.
مام سەید کەسێکی یەکجار بەقەناعەتە و سەختی و نەهامەتی ژیانیش نەیتوانیوە چۆکی پێدابدات و وەک خۆی دەڵێت، دەست لەخودا نەبێ، لە هیچ کەس پان ناکاتەوە و تا هێزی تێدابێت زەحمەت دەکێشێ و هەوڵ دەدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەولێر لە هۆتێل دەمێنێتەوە و خێزانەکشی لە سلێمانی لە خانوویەکی کرێدان، مانگی جارێک سەردانیان دەکات و دواتر دەگەڕێتەوە هەولێر.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری