هەولێر
ژمارەیەک خەڵک و ئۆتۆمبێل کەوتوونەتە ناو چاڵی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندی ئاو
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
لە گەڕەکی کارێزانی هەولێر، لەکاتی دانانی بۆری ئاو بۆ پرۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی هەولێر نزیکەی 15 مەتر چاڵ کە هەڵکەندراوە بۆ ئەوەی بۆرییەکانی بەناو داببەن، بەڵام سەری دانەخراوە و لە ماوەی سێ هەفتەدا چەند هاوڵاتییەک و نزیکەی 10 ئۆتۆمبێلی کەوتووەتە ناوی.
مامۆستا هندرێن، کە خاوەن مارکێتێکە لە نزیک چاڵەکە، بۆ 964 قسەی کرد و وتی، “نزیکەی مانگێکە چاڵەکە هەڵکەندراوە و تا ئێستاش پڕنەکراوەتەوە و جێهێڵدراوە”.
وتیشی، “تا ئێستا چەند هاوڵاتییەک کەوتوونەتە ناوی، ئەوە جیا لەوەی نزیکەی 10 ئۆتۆمبێلیش کەوتوونەتە ناو چاڵەکە، هەر دوێنێ ئۆتۆمبێلێک بە شەو کەوتە ناوی، چونکە هیچ هێمایەکی ئاگادارکردنەوەشی لێ دانەنراوە، تا هاوڵاتیان و شۆفێران ئاگاداربن”.
ئەو چاڵەی لێدراوە، نزیکەی 15 مەتر درێژە و 60 سانتیم پانە و 130 سانتیمیش قوڵە، بە مەبەستی دانانی بۆری ئاو هەڵکەندراوە، بەڵام ئەو بەشەی پڕنەکراوەتەوە و تا ئێستا بە کراوەیی جێهێڵدراوە.
964 هەوڵیدا پەیوەندی بە شارەوانی چوارەوە بکات، تاوەکو هۆکاری کارنەکردن لەو بەشە بزانێت، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا