کوردم.. کوردم، ئەو گۆرانییەی کەس نەماوە لەسەر زاری نەبێت
هونەرمەند ئەیوب عەلی لەرێی 964ەوە پەیامێک بۆ منداڵەکان دەنێرێت
964+
ژووری هەواڵ
هونەرمەند ئەیوب عەلی لە رێی تۆڕی 964ەوە پەیامێک بۆ ئەو منداڵانە دەنێرێت کە گۆرانییە بەناوبانگەکەیان وتەوەو دەڵێت ”لەوپەڕی خۆشحاڵی و شانازییدام بتوانم هەستی نەتەوایەتی بگەیەنم بە منداڵانی کورد”.
بەر لە چەند رۆژێک چەند منداڵێکی بەهرەمەندی قوتابخانەیەکی ناحکومی لە سلێمانی گۆرانییە بەناوبانگەکەی (کوردم)یان وتەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕبوون لە ڤیدیۆی ئەو منداڵانە و خەڵک دەستخۆشی لێدەکردن، ئەوکات پەیامنێری 964 لە سلێمانی چوو منداڵەکان و مامۆستاکەی دواندن و گۆرانییەکەیان وتەوە، ئیتر کەسێک نەما ئەو منداڵە بەهرەمەندانە نەنێرێت.
گۆرانی (کوردم) هەردوو هونەرمەند ئەیوب عەلی و گارە سازکارە وتویانە، 10 ساڵە خەڵک هەر لەسەر زاریانەوە دەیڵێنەوە، بەتایبەتی لە بۆنە نەتەوایەتییەکاندا.
ئەمساڵ لە رۆژی جلی کوردی چەند منداڵێک وتیانەوە دیسانەوە بە چڕی ناوی گۆرانییەکە هاتەوە ناو ناوان.
964 لە هونەرمەند ئەیوب عەلی پرسی ئەوەی بینیوە منداڵەکان گۆرانییەکەیان وتووەتەوە؟ داواشی لێکرد پەیامێکی هەبێت بۆیان.
ئەمڕۆ ئەیوب عەلی بە دەستێکی جلی کوردی جوانەوەو سازەکەی دەستیەوە بەشێکی گۆرانییەکەی وتەوەو پەیامی بۆ منداڵەکان نارد.
ئەیوب عەلی بە 964ی وت ”چەندین لینکم بۆ هات کە چەند منداڵێکی بەهرەمەند گۆرانییەکە دەڵێنەوە.. هەست بە خۆشحاڵی و شانازییەکی زۆر دەکەم، من هەر لەسەرەتاوە مەبەستی سەرەکیم ئەوە بوو منداڵانی کورد لێی تێبگەن و لەبەری بکەن، بۆیە ئاوازو هۆنراوەیەکی سادەم بۆ دانا”.
ساڵی 2015 لەگەرمەی شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ داعش ئەیوب عەلی لەگەڵ گارە سازکارە بە سۆرانی و کرمانجی گۆرانییەکەیان بڵاوکردەوە کە بەمە دەست پێدەکات ”کوردم خەڵکی کوردستانم زمانی من کوردییە”، گۆرانییەکە ئەیوب عەلی خۆی ئاوازی بۆ داناوەو شیعرە سۆرانییەکەشی هەر هی خۆیەتی، ئەوکات گۆرانییەکە زۆر دەنگی دایەوەو تائێستا لەسەر یوتیوب زیاتر لە نۆ ملیۆن کەس بینیویانە.
ئەمەش لینکەکەیەتی لە یوتیوب