بەدەستووری هەڵەبجە دروستی دەكەن
هاوسەرن و لە شەقامی زەرگەتەی سلێمانیه پێكەوە ناوساجی دەفرۆشن
+964
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
دوو هاوسەر پێكەوە بەدەست و بازووی خۆیان، لە شەقامی زەرگەتەی سلێمانی تا بەربانگ ناوساجی دروست دەکەن و دەیفرۆشن.
ماكوان حەمە رەوف و شەپۆل ئەحمەد، 23 ساڵە هاوسەری یەكترین، ئەوان خەڵكی هەڵەبجەن و لە سلێمانی دادەنیشن، سێیەم رەمەزانە لەسەریەك رۆژانە لە كاتژمێر 1ـی دوانیوەڕۆ تا نزیكی بەربانگ لەو شەقامە ناوساجی دروست دەكەن و دەیفرۆشن.
ئەو دوو هاوسەرە قسەیان بۆ 964 كردووە و دەڵێن،” ئێمە جیاواز لە شوێنەكانی دیكە بە دەستوری هەڵەبجە ناوساجی دروست دەكەین، لەگەڵ شێلانی هەویرەكە شیر و شەكری تێدەكەین و دواتر رەشكەو شمڵیشی بەسەردا دەكەین، بۆئەوەی تامێكی تایبەت بدات بە ناوساجییەكە”.
شەپۆل ئەحمەدی، هاوژینی ماكوان باس لە جیاوازی ناوساجییەكەی دەكات و دەڵێت، ئەو ناوساجییەكەی كەدروستی دەكات شیرینە و وەكو كێك وایە و خواستێكی باشی لەسەرەو رۆژانە هیچی لێنامێنێتەوە.
“رۆژانە 40 كیلۆ هەویر لەماڵەوە دەشێلم و دەیهێنمە شوێنی كاركردنەكەمان، هەویرەكەشمان نزیكەی 200 ناوساجی لێدەردەچێت، موشتەری تایبەتمان هەیە و پێشوەختە بە تەلەفۆن داوای دەكەن” شەپۆل ئەحمەد وای وت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح