دوو ساڵە دابەزینی وای بەخۆیەوە نەبینیوە
لیرەی تورکی هاڕەی کرد
964+
ژێوار خدر
پشێوییەکانی ئەم دواییەی نێوخۆی تورکیا کاریگەرییەکی راستەوخۆی هەبوو بەسەر دابەزینی بەهای لیرەوە و بەهاکەی دابەزینێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی.
ئەمڕۆ لە دوای دوو ساڵ بەهای لیرە ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد و ئێستا یەک دۆلار لەبەرامبەر 38 لیرەیە.
ئاژانسی بلومبێرگیش لەمبارەیەوە دەڵێت: سەرەڕای خراپی دۆخی لیرە، بەهای پشەکەکانی تورکیاش بە بڕی 10 ملیار دۆلار زەرەری کردووە.
ئەم دابەزینە بە شێوەیەکی بەرچاو دەگەڕێتەوە بۆ دەستگیرکردنی ئەکرێم ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ لە 19.3.2025 بە تۆمەتی گەندەڵی و پەیوەندی بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.
دەستبەسەرکردنی ئیمام ئۆغڵو، کە لەلایەن زۆر کەسەوە بەهۆی پێگەی خۆی وەک کەسایەتییەکی پێشەنگی ئۆپۆزسیۆن بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە پاڵنەرێکی سیاسی دەزانێت، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لە سەرانسەری شارە گەورەکانی تورکیادا بەدوای خۆیدا هێناوە، لەنێویاندا ئەستەنبوڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر. نائارامییە سیاسییەکانی ئەم دواییەش کاریگەری خراپی لەسەر متمانەی وەبەرهێنەران هەبووە و بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی بەهای لیرە و دابەزینی بەرچاوی بازاڕی بۆرسەی تورکیا.