كەسوكاری هەیە و بەتەنیا دەژی
کرێ خانووەکەی دایە حاجییەکی ناچار بە دەستگێڕی کردووە
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
خونچە ساڵح شەریفی 79 ساڵ، ژنێكی بەتەمەنی كاسبكاری ناوبازاڕی سلێمانییە، بۆ دابینكردنی كرێی خانووەكەی و تیكە نانێكی رۆژانەی خۆی، سەربەرزانە كاردەكات و دەردەدڵی تەنیایی و بێ كەسی خۆیشی بۆ پەیامنێری 964 باس دەكات.
ئەو ژنێكی بەتەمەنە، خەڵكی یەكێك لە گوندەكانی قەزای دوكانە و لەگەڕەكی سابونكەرانی سلێمانی دەژی، رۆژانە لەخوار چایخانەی شەعبەوە، لەناو چەند تەشتێكی بچوك قەزوان، ترش، جاترە و پنگەی داناوە بۆ فرۆشتن و ئامانجیشی تەنیا ئەوەیە بەشكۆمەندی ژیانی خۆی پێ بەڕێبكات.
خونچە ساڵح، بەدڵێكی پڕەوە وەڵامی چەند پرسیارێكی پەیامنێری 964 دەداتەوە و دەڵێت، بەفرۆشتنی ئەم كەرەستانە بژێویم دابین نابێت و ئەگەر خەڵكی هاوكاریم نەكات دەری ناهێنێت، رۆژانە پێنج هەزارم دەستدەكەوێت و بەشی سفرەو خوانی رۆژانەكەم ناكات.
وەك باسی دەكات، بارتەقای گەڵای درەختێك كەسوكاری هەیە، بەڵام تەنیا ماوەتەوە و هیچیان ئاوڕی لێنادەنەوە، هەر خۆی لە خانویەكی كرێدا دەژی و دڵسۆزێكی نییە لەدەرگای ماڵەكەیەوە سەردەركات.
ئەو هەموو خەمەكەی قورسایی كرێ خانوەكەیەتی و دەڵێت، خوا دەكات كرێی خانووەكەی كە مانگانەكەی 150 هەزارە بۆی دابین دەكرێت، هیچی دیكەی ناوێت.
ئەو ژنە سەرباری هەڵكشانی تەمەنی، گوێ بەناڕەحەتی كاركردنی نادات و دەڵێت، نامەوێت منەتی كەس هەڵگرم، حەزدەكەم خۆم ئیش بكەم و بۆ جەستەی خۆشم واباشترە، بەسفرە و خوانی خۆشم نەبێت سوكنایم نایەت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا