مەشخەڵی ئاگری نەورۆز _ وێنە:964
پارێزگاری هەولێر
ئێوارەی 20ی مانگ لەسەر قەڵای هەولێر ئاگری نەورۆز دەكرێتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پارێزگاری هەولێر ئاشكرای كرد بۆ پێشوازی لە جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ، ئێوارەی 20ی ئەم مانگە ئاگر لەسەر قەڵای هەولێر دەكرێتەوە.
ئومێد خۆشناو ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 18.3.2025 لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی 964 ئاشكرای كرد، بەهۆی ئەوەی نەورۆز كەوتووەتە ناو مانگی رەمەزانی پیرۆز، هیچ ئاهەنگ و بۆنەیەك بەبۆنەی نەورۆز بە فەرمی نایەتە ئەنجامدان، تەنیا ئێوارەی 20ی مانگ لەسەر قەڵای هەولێر ئاگری نەورۆز دەكرێتەوە و رێوڕەسمێكی بچوك بەڕێوەدەچێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی نەورۆزەوە رۆژانی 21 و 22 و 23ی ئەم مانگەی كردووە بە پشووی فەرمی.
هاوكات لە هەولێر بەبۆنەی رەمەزانەوە، شەوانە بازاڕ و ئاهەنگ و بۆنە لە بەردەم قەڵا و پاركی پێشمەرگە و چەند شوێنێكی دیكە رێكخراوە و تا رۆژانی جەژنی رەمەزان بەردەوام دەبێت.