منداڵانی کۆمەڵگەی کوردجینیەس لە هەڵەبجە گۆرانى (بەتەنیا جێم مەهێڵن)یان وت
964+
ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە
وەک دوایین چالاکی یادی 37ـەمین ساڵەی کیمیابارانی ھەڵەبجە، ئەمڕۆ منداڵە دەنگخۆشەکانی کۆمەڵگەی کوردجینیەسی ناحکومی لە سلێمانیەوە چوونە مۆنۆمێنتی شەھیدان لە ھەڵەبجە، و گۆرانی (بەتەنھا جێم مەھێڵن)یان پێشکەش بە ھەڵەبجە کرد.
ھۆگر محەمەد، مامۆستای ھونەری کۆمەڵگەکە بە 964ـی وت:”بۆ بەرزڕاگرتنی یادی کیمیابارانی ھەڵەبجە و بۆ ئەوەی منداڵەکانمان ئاشنا ببن بەم کارەساتە، پێمان خۆشبوو کە ئەم گۆرانییە وەک دوایین چالاکی یادەکە پێشکەش بکەین، ھەمیشەش ھەوڵمانداوە کە لەڕێی چالاکی جیاوازەوە خوێندکارەکانمان ئاشنا بکەین بەم یادانە”.
لۆزان، ئەو منداڵەی بە ھەستێکی قوڵەوە لە ھەموو گۆرانییەکان دەردەکەوێت، ئەمڕۆش بە ھەمانشێوە لە ھەڵەبجە دەرکەوت و بە 964یشی وت:” بۆ یادی کیمیابارانی ھەڵەبجە ھاتووین، و ئەم گۆرانیەمان لێرە پێشکەشکرد، پەیامم بۆ منداڵانی ھەڵەبجە ئەوەیە کە کوردایەتی خۆیان لەبیر نەکەن، ئەم کارەساتەش نەبێتە ھۆی بێتاقەتی منداڵان”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح