دوای چوار رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە
ئەو ژنەی لە رانیە بوتڵی غاز لە ماڵەکەیان تەقییەوە گیانی لەدەست دا
964+
محەمەد عەلی ـ راپەڕین
ئەو ژنەی لە رانیە بوتڵی غاز لە ماڵەکەیان تەقییەوە، دوای چوار رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.
رۆژی پێنجشەممە 13.3.2025 لە رانیە لە ناو ماڵێکدا، بوتڵی غاز تەقییەوە و ئاگر لە ماڵەکە بەربوو، بەهۆیەوە زیان بەر کەلوپەلی ماڵەکە کەوت و ژنی ماڵەکەش بەشێکی جەستەی سووتا و بەهۆی سەختی برینەکەی رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر کرا.
ئاودێر سەردار خوشکەزای ئەو ژنە بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ دووشەممە 17.3.2025 پوورم لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر گیانی لەدەست دا.”
ئاماژەی بەوەش کرد، پێنجشەممەی رابردوو و بەهۆی پەنگخواردنەوەی غاز، ئاگر لە ماڵی پووری بەربووە و هەر دوای رووداوەکە، پووری بە برینداری گەیەنراوەتە نەخۆشخانە رانیە و دواتر رەوانەی هەولێر کراوە.
ئاودێر سەردار وتیشی، “پوورم تەمەنی 52 ساڵە و ژنی ماڵەوە بوو، چوار منداڵی هەیە و منداڵەکانی سەلامەتن”.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری