داوای چییان لە باڵیۆزخانەی عێراق کردووە؟

کوردانی بەریتانیا لەلای درەختی هەڵەبجە یادی کیمیابارانیان کردەوە

964+
ئەحمەد مستەفا

کوردان و چالاکوانانی کورد لە شارەکانی گلاسکۆ، بێرمینهام و مانجستەر لە بەریتانیا، لەلای داری هەڵەبجە و بە چالاکی جیاواز یادای 37 ساڵەی کیمیاباران کردنی هەڵەبجەیان کردەوە.

رێکخراوی حەڤدەی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ زۆرینەی چالاکییەکانی رێکخستبوو، کوردانی دەرەوە بەشداری چالاکییەکانیان کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە 16.3.2025، ئاوات جەمال ساڵح، رۆژنامەنووس و چالاکوان لە شاری گلاسگۆوە بە بە 964ی وت، بە ئەنجامدانی سێ کۆبوونەوەی گەورە لە شارەکانی بێرمینهام، مانجستەر و گلاسگۆ، یادی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە بەرز راگیراوە و دروشمی، “کارەساتی هەڵەبجە برینێکی ساڕێژ نەبوو” بۆ ئەمساڵ داناوە.

لە شاری گلاسگۆ لە ژێر درەختی هەڵەبجە یادەکە کرایەوە، کە ئەو درەختە لەلایەن گروپی دۆستانی کورد و هەڵەبجەوە نێژراوە لە ساڵی 1997 وە ئێستا بۆتە رەمزی هەڵەبجە.

هەروەها لە شاری مانجستەر لەبەردەم درەختی هەڵەبجە یادەکە بەرز راگیراوە، ئاوات جەمال ساڵح بە 964ی وت، داوایان لە باڵیۆزخانەی حکومەتی عێراق کردووە، کە داواکارییەکانی خەڵکی هەڵەبجە جێبەجێ بکات وە پەڕلەمانی عێراق بڕیار بدات کە ئەو شارە ببێتە پارێزگا و هەیکەلی ئیداریی خۆی هەبێت.

وێنەی چالاکییەکان؛