قوتابخانەیەکی لە گەرمیان. وینە :964
کۆتایى بە بایکۆت بهێنن
پەروەردەی گەرمیان بۆ مامۆستایان: بگەڕێنەوە ھۆڵەکانی خوێندن
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
پەروەردەی گەرمیان داوا لە مامۆستایان دەکات کۆتایی بە بایکۆت بھێنن، بەڕێوەبەری پەروەردەش دەڵێت، پەیامەکانیان گەیشتووە، با مافی قوتابیانیش نەفەوتێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 10.3.2025، بە نوسراوی فەرمی داوا لە قوتابخانەکانی ئیدارەی گەرمیان کراوە کە خشتەی وانەکان ئامادە بکەن و خۆیان رێکبخەنەوە، لە رۆژی چوارشەممە 12.3.2025 دەستبکەن بە خوێندنی وانەکان.
عەدنان حوسێن، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان بە 964ى وت، “قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی و نۆی بنەڕەتی لەگەڵ بەشێک لە پۆلی یەک و دووی سەرەتایی، دەستیان بە خوێندن کردۆتەوە، ئێمەش داوامانکردووە ھەموو پۆلەکان و قوتابخانەکان کۆتایی بە بایکۆت بھێنن”.
“لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین دەوام دەستیپێکردۆتەوە، ئێمەش ھیچمان لەوان زیاتر نیە ئیتر بۆ دەوام دەستپێنەکاتەوە و قوتابیانی گەرمیانیش لە خوێندن بێبەش نەبن”،عەدنان حوسێن وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد،”چاوی مامۆستایانیش ماچ دەکەم بگەڕێنەوە ھۆڵەکانی خوێندن، پەیامەکانیان گەیشتووە دەوام مانگ و نیوێکی ماوە پێویستە خەمی منداڵەکانیشمان ھەبێت”.
لەبارەی ئەوەی ئەگەر ماموستایان نەگەڕێنەوە چ ڕێکارێک دەگرنەبەر، عەدنان حوسێن وتی، سزای ھیچ مامۆستایەک نادەن، سەردانی مامۆستایان دەکەن و قسەیان لەگەڵ دەکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ دەوام، ساڵانی رابردوو خوێندن نەفەوتاوە ئەمساڵیش رێگە نادەن بفەوتێت.
پێداچوونەوە: هاوبەش