سووتاندنى کبریت لە زەوییەکدا لە سنوورى بازیان...وێنە: پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى
کبریت بووە
ئەو دوو کەسەى بۆنى ناخۆشیان لە بازیان بڵاوکردەوە دەستگیرکران
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى بڵاوى کردەوە، بەهۆی بڵاوبونەوەی بۆنێکی ناخۆش و بێزارکەر لەسنووری ناحیەی بازیان دوو هاووڵاتی دەستگیر کران .
بەڕێوەبەرایەتییەکە بڵاوى کردووەتەوە، لەچەند رۆژی رابردوودا بۆنێکی ناخۆش و بێزارکەر کە ببوە جێگەی ناڕەزایی هاووڵاتیان لە سنووری ناحیەی بازیان بڵاو ببۆوە.
دەشڵێت: دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت لەزەویەکدا مادەی کبریت هەبووە و بەهۆی سووتانیەوە مەترسی بۆ پیسبوونی ژینگەی سنوورەکە دروستکردوە و بۆنێکی ناخۆشی هەبووە .
“دواى بەدواداچوون دوو هاووڵاتی لەلایەن بەڕێوەبەرێتی ئاسایشی بەردەقارەمان دەستگیرکران و دواتر رادەستی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی بازیان کران “، پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى وا دەڵێت.
هەروەک ئاماژەى بەوەکردووە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکە رێکخراوە و رەوانەى دادوەرى لێکۆڵینەوە کراوە بەمەبەستی وەرگرتنی رێکاری یاسایی .