دوکانداران دەسەڵاتى ئاسایشیان نییە
لە جیاتى لیژنەکانى تەندروستى، ئاسایشى نیشتمانى هەڵمەتى گەڕانى بۆسەر دوکان و مارکێتەکان دەستپێکرد
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
جاران کە لیژنەکانى تەندروستى هەڵمەتى گەڕان و پشکنینى بۆسەر دوکان و مارکێت و فرۆشگاکان ئەنجام دەدات، لە کاتى دەستنیشانکردنى خوردەمەنى و کەلوپەلى بەسەرچوو، خاوەن دوکان و مارکێتەکان رووبەڕووى لیژنەکان دەبوونەوە، بەڵان ئەمجارە ئاسایشی نیشتیمانی خۆى سەرپەرشتى دەکات و 30 شوێنیشى سزادا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە6.3.2025، گۆران عەبدول مەجید، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی بنکەی تەندروستی خورماتوو بە964ـی وت،”هەڵمەتەکەی ئاسایشی نیشتیمانی بۆ سەر مارکێت و فرۆشگاکانی قەزاکە لەکاتێکدایە، لەماوەکانی رابردودا چەندین جار کارمەندانی بەشی لیژنەی تەندروستی لەکاتی دەستنیشانکردنی خۆراکە بەسەرچووەکان و سزادانی خاوەن فرۆشگاکان، توشی کێشەو شەڕو دەمەقاڵێ دەبون لەگەڵیان، بۆیە بڕیار درا لەئێستا بەدوا ئاسایشی نیشتیمانی خۆیان سەرپەرشتی هەڵمەتەکە بکەن و هەر خاوەن فرۆشگایەک سەرپێچی بڕیارەکانی بنکەی تەندروستی بکەن راستەوخۆ لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و سزاش دەدرێن”.
وتیشی،”لەئێستادا ئاسایشی نیشتیمانی چاودێری چڕیان خستوەتە سەر ئەو فرۆشگایانەی کە لەم مانگەدا نرخی شتومەکیان گران کردووەو لەگەڵ ئەوەش خواردن و خواردنەوەی ماوە بەسەرچو ساغ دەکەنەوە بەسەر خەڵکیدا”.
ئاشکراشى کرد، تەنیا لەهەڵمەتەکەی ئەمڕۆیاندا زیاتر لە 30 مارکێت و فرۆشگا بەهۆی بونی خواردن و خواردنەوەی بەسەرچو و پابەند نەبونیان بەرێنماییەکانی تەندروستییەوە، بە بڕی جیاواز سزای مادی دران و هەڵمەتەکەش بەردەوامی دەبێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح