باڵەخانەی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی _ وێنە: راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی
روونکردنەوەیەک لە شارەوانی سلێمانی
هەر فەرمانبەرێک داوای پارەی کرد بە خۆمان یان پۆلیس بڵێن
964+
ئەحمەد مستەفا
شارەوانی سلێمانی بەم نیوە شەوە زنجیرەیەک روونکردنەوەی بڵاوکردووەتەوە، کە دەیەوێ روونی بکاتەوە لابردنی زیادەڕۆی لەسەر موڵکی دەوڵەت تەنیا ئەرکی ئەوان نیە وەک سەرۆکایەتی شارەوانی، بەڵکو دەسەڵات بە لیژنەی زیادەڕۆی ئیدارەی شارەکە دراوە.
باس لەوەشدەکات، هەر بەکارهێنای شۆستە و شەقامێک کە یاسای نەبێ وەک زیادەڕۆ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و خەڵکیش لەوە هۆشیار دەکاتەوە، هەر فەرمانبەرێک داوای پارەی لێکردن، بچن بە خۆیان بڵێن یان هانا بۆ بنکەی پۆلیس بەرن.
لەو روونکردنەوەیەدا کە 964 بینوویەتی، ئەمشەو 1.3.2025 ئەوەش وتراوە، سەرۆکی شارەوانیمان هەموو رۆژێکی یەکشەممان و سێ شەممان راستەوخۆ هاوڵاتیان دەبینێت، هەر هاوڵاتییەک داواکارییەكی هەیە كە پێویستی بە واژوو لە دەسەڵاتی ئەودابێت دەتوانێت لەو رۆژانەدا سەردانی بەڕێزیان بکات.
چەند ڕوونكردنەوەیەكی پێویست
لە شارەوانیی سلێمانییەوە:
یەکەم:
پاش دەرکردنی یاسای قەدەغەکردنی زیادەڕەوی (ژمارە ٣ ساڵی ٢٠١٨) ئیدی رێگریکردن و لابردنی زیادەڕەوی لەسەر موڵکی دەوڵەت بە تەنها ئەرکی شارەوانیمان نەماوە بەڵکو ئەرکی لیژنەی لابردنی زیادەڕەوییە و تەنها لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆکی یەکەی کارگێڕی زیادەڕەوییەکە لادەبرێت.
دووەم:
چۆنیەتیی بەکارهێنانی شۆستە و شەقامەکان و پاراستنی سیمای شار بەپێی (ماددەی ٢٨ بڕگەی ٣) لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان (ژمارە ٦ ساڵی ١٩٩٣ هەموارکراو) لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی شارەوانیدایە و پێشتر ئەنجومەن بڕیاری لەم بابەتەدا داوە و لایەنە پەیوەندارەکان لەسەر بڕیاری ئەنجومەن کاری لەسەر ئەکەن و هەر بەکارهێنانێکی شۆستە و شەقامەکان رەزامەندیی یاسایى نەبێت ئەوا بە زیادەڕەوی دادەنرێ و هەروەک خاڵی یەکەم مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
سێیەم:
سەرۆکی شارەوانیمان هەموو رۆژێکی یەکشەممان و سێ شەممان راستەوخۆ هاوڵاتیان دەبینێت بۆیە هەر هاوڵاتییەک داواکارییەكی هەیە كە پێویستی بە واژوو لە دەسەڵاتی ئەودابێت دەتوانێت لەو رۆژانەدا سەردانی بەڕێزیان بکات و ئەوسا ئەگەر داواکارییەکە لەگەڵ یاسا و رێنماییەکاندا ناکۆک نەبێ ئەوا بۆتان جێبەجێ دەکرێ و ئەگەریش ناکۆک بێت ئەوا بە روونکردنەوەی فەرمی وەڵامتان دەدرێتەوە.
چوارەم:
ئەگەر هەر فەرمانبەرێکی شارەوانی لە هەر پلەیەکدا بێت داوای پارەی لێ کردن ئەوا دەستبەجێ سەرۆکی شارەوانی یان بەشی کاروباری یاسایى شارەوانیمانی لێ ئاگاداربکەنەوە یاخود لە نزیکترین بنکەی پۆلیس سکالای لەسەر تۆماربکەن و دڵنیابن لەوەی دەست لە هیچ کەسێک ناپارێزرێت و هەر کەسێک بێت بە سزای خۆی دەگات.
لەگەڵ رێزی
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی
١ ی ٣ ی ٢٠٢٥