ئامۆزاى کوژراوەکانە
تۆمەتبارى کوشتنى دوو براکەى ئاکرێ خۆى رادەستى ئاسایش کرد
964+
وریا فەتاح
تۆمەتبارى کوشتنى دوو براکەى ئاکرێ خۆى رادەستى ئاسایش کرد و لێکۆڵینەوەى لەگەڵ دەکرێت.
ئەم ئێوارەیە، لە گوندى باکرمانى سنوورى ئاکرێ، شەڕ لە نێوان دوو ئامۆزا روویدا و لە ئەنجامدا دوو کەس کوژران کە براى یەکترین.
کەمێک لەمەوبەر، پۆلیسى ئاکرێ بڵاوى کردەوە، تۆمەتبارى کوشتنى ئەو دوو برایە خۆى رادەستى ئاسایش کردووە و لەوێشەوە رەوانەى پۆلیسى ئاکرێ کراوە.
وەک باسى دەکات، تۆمەتبار، بەپێى مادەى 406 لە یاساى سزادان لێکۆڵینەوەى لەگەڵ دەکرێت.
هەرچەندە پۆلیس لە راگەیەنراوەکەیدا دەڵێت، کوژراوێک و بریندارێک هەیە، بەڵام کەمێک لەمەوبەر، 964 لە زارى نێچیرڤان فەخرەدین، وتەبێژی تەندروستی قەزای ئاکرێ پشتڕاستى کردەوە، کە بریندارەکەش لە نەخۆشخانەى فریاکەوتنى هەولێر بەهۆى سەختى برینەکەیەوە گیانى لەدەستداوە و لە کاتى شەڕەکەش براى ئەو کەسە بە چوار کولـلە کوژرا بوو.
کوژراوەکان تەمەنیان 20 ساڵ و 23 ساڵە، ئامۆزاى ئەو کەسەن کە تۆمەتبارە بە کوشتنیان و شەڕەکە لە نێوانیان روویداوە.