دیمەنی چەند بتڵێک خوێن وێنە: 964
سەنتەری گواستنەوەی خوێنی رانیە بۆ خۆێنبەخشان
لە مانگی رەمەزاندا دوای بەربانگ وەرن خوێنببەخشن
964+
ژێوار خدر
سەنتەری گواستنەوەی خوێنی رانیە، کاتەکانی وەرگرتنی خوێنی لە سەنتەرەکەیان گۆڕیوە و لە مانگی رەمەزاندا لە دوای بەربانگەوە بۆ کاتژمێر 10:30 خولەکی شەو ئەو کەسانەی خوێنبەخشن دەتوانن سەردانیان بکەن.
کارزان محەمەد، لێپرسراوی سەنتەری گواستنەوەی خوێنی رانیە بە 964ـی وت، دوو جۆر هاوڵاتی سەردانی سەنتەرەکەمان دەکەن، بەشێکیان بەخشەر و بەشەکەی دیکەشیان وەرگری خوینن، ئەوانەی وەرگری خوێنن 24 کاتژمێر دەتوانن سەردان بکەن و کاتێکی دیاریکراو نییە بۆ سەردانکردن، بەڵام ئەوانەی خوێن دەبەخشن کاتییان بۆ دیاریکراوە و پێویستە لە کاتی دیاریکراودا سەردانی سەنتەر بکەن بۆ بەخشینی خوێن.
وتیشی، پێش مانگی رەمەزان رۆژانە لە کاتژمێر 8:30 خولەکی بەیانییەوە بۆ کاتژمێر 8:30 خولەکی شەو خوێنبەخشان دەیانتوانی بێن و خوێن ببەخشن، بەڵام ئێستا بەهۆی مانگی رەمەزانەوە کاتەکەمان گۆڕیوە و ئەو خوێن بەخشانەی کە بەڕۆژوو دەبن دەتوانن لەدوای بەربانگەوە تاوەکو کاتژمێر 10:30 خولەکی شەو سەردانی سەنتەر بکەن و خوێن ببەخشن .
باسی لەوەشکرد، بۆیە کاتەکە گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە، چونکە ئەو کەسەی کە خوێن دەبەخشێت پێویستە خواردنی خواردبێت، دەنا لە کاتی بەخشینی خوێندا فشاری خوێن دادەبەزێت، بۆیە پێویستە کەسەکە نانی خواردبێت ئینجا خوین ببەخشێت، هەروەها ئەو خوێن بەخشانەی کە جگەرەکێشن پێویستە تاوەکو خوێنەکەیان دەبەخشن جگەرە نەکێشن .