دەستبەسەرداگرتنى حەبى کەپتاگۆن...وێنە وەزارەتى ناوخۆى عێراق
لە سنوورى سلێمانى
زیاتر لە 22 کیلۆگرام حەبى بێهۆشکەر دەستى بەسەرداگیرا
964+
وریا فەتاح
وەزارەتى ناوخۆى عێراق، دەسبەسەرداگرتنى زیاتر لە 22 کیلۆگرام حەبى بێهۆشکەرى لە سنوورى سلێمانى راگەیاند.
عەقید میقداد میرى، وتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، لەبەردەوامی دەستکەوتى هێزەکانی سنوور لە رێگریکردن لە هاوردەکردنی مادەی هۆشبەر فەوجی 1ـى لیوای 3ـی سنووری، توانرا دەستبگیرێت بەسەر 22 کیلۆو نیو لە حەبى بێهۆشکەرى جۆرى کەپتاگۆن.
وەک باسى دەکات، حەبەکان لەناو ئۆتۆمبێلێکدا شاردرابوونەوە و بەرێوەبەرایەتى مادە هۆشبەرەکان لە ئاسایشى سلێمانى هاوکار بووە لەو چالاکییەدا کە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى ئەنجامدراوە.
پێشتر سەلام عەبدولخالق، وتەبێژى دەزگاى ئاسایشى هەرێم بە 964ـى وتبوو،”تەنیا لە مانگى یەکى ئەمساڵ 102 بازرگان و بەکارهێنەرى مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون”.
وەک باسى دەکات، 54 کەس لەو دەستگیرکراوانە بازرگان و دابەشکارى مادەى هۆشبەر بوون، بەپێى یاساى بەرەنگاربوونەوەى مادەى هۆشبەرەکان دەستگیرکراون.
هاوکات لە مانگى شوباتى 2025 دا، پەیجى فەرمى ئاسایشى سلێمانى دەستگیرکردنى حەوت کەسى دیکەى بەتۆمەتى مادەى هۆشبەر بڵاو کردووەتەوە کە پێنج تۆمەتباریان دووشەممە 24.2.2025 لە پێنجوێن دەستگیر كران و بازرگانى مادەى هۆشبەر بوون، لە 2ـى ئەم مانگەش دوو بازرگانى دیکەى مادەى هۆشبەریان بە حەوت کیلۆگرامەوە دەستگیر کردووە، کە بەنیاز بوون لە سلێمانییەوە بیگوازنەوە بۆ کەرکوک.