یەکێکیان گیانى لەدەست دا
ئۆتۆمبێلێک لە دوو کچە خوێندکاری دا و بەجێى هێشتن
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
بارهەڵگرێک لە دوو کچە خوێندکاری پەیمانگاى تەکنیکى پزیشکیى کەرکوک دا و یەکێکیانی کوشت، شوفێرەکە هەڵاتووە و نەگەڕاوەتەوە سەریان و جێی هێشتوون.
رووداوەکە دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شەقامى پشتێنەیى کەرکوک روویداوە.
بەپێى زانیارى و قسەى شایەدحاڵەکان، بارهەڵگرێک لەو دوو کچە خوێندکارەى داوە و دەستبەجێ بەکێکیان گیانى لەدەست داوە و ئەوەى تریش بریندار بووە.
سەرچاوەیەکى پەیمانگای تەکنیکیی پزیشکی کەرکوک بە 964ـى وت، “هەردوو کچەکە خوێندکاری ئێوارانی پەیمانگاکەمانن و لە کاتی هاتنیان بۆ دەوام ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لێیانی داوە و جێی هێشتوون”.
بە وتەى ئەو سەرچاوەیە، دۆخى تەندروستى بریندارەکە ناجێگیرە و لە ژێر چاودێریى چڕى پزیشکیدایە.
لاى خۆیەوە، عەقید عامڕ نەریمان بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی کەرکوک بە 964ـی وت، “شوێنی رووداوەکە کامێرای چاودێری لێ نییە، بۆیە تا ئێستا هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح