دەبێت كاتی پارشێو و بەربانگ كارەبا هەبێت

دەوامی حكومەت لە هەولێر یەک كاتژمێر كەمدەكرێتەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە هاتنەوەى مانگى پیرۆزى رەمەزان لە هەولێر ئەنجامدرا و پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، چاودێریكردنی بازاڕ و بازگەكان توندوتر دەكرێن و رێگە بە گرانكردنی نرخی كەلوپەل نادەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27.2.2025، كۆبوونەوەیەكی فراوان لە دیوانی پارێزگای هەولێر بە سەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر ئومێد خۆشناو ئەنجامدرا و بەرپرسانی یەكە كارگێڕییەكانی پارێزگای هەولێر بەشداربوون.

پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو بە 964ی راگەیاند، ئامانج لە كۆبوونەوەكە ئامادەكاری و رێكخستنەوەی كاروبارەكانی هەموو یەكە ئیداری و لایەنە بەرپرسەكان بوو بۆ پێشوازیكردن لە مانگی پیرۆزی رەمەزان.

وتیشی، زیاتر سەرنجمان لەسەر بازاڕ و نرخی شتومەك و دابینكردنی ئاسایشی شار و بازاڕ دەبێت، بە تایبەتی لە شەوانی رەمەزاندا، كە هەولێر كەشێكی تایبەتی خۆی هەیە.

ئاماژەی بەوەش دا، كۆمەڵێك بڕیار و راسپاردە لە كۆبوونەوەكە دەرچوون و داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان كرا، پێوەی پابەندبن و جێبەجێی بكەن.

بەپێی ئەو راگەیاندراوەی لە دوای كۆبوونەوەكە بڵاوكراوەتەوە، بڕیار و راسپاردەكان بەم جۆرەن:

– لیژنەی قايمقامیەتەکان، بازرگانى، شارەوانى، تەندروستى، و لایەنەکانى دیکەى پەیوەندیدار، بەردەوام بن لە چاودێریکردنی بازاڕ و نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتیان.

– نابێت رێگە بە هیچ کەسێک بدرێت، مانگى پیرۆزى رەمەزان بقۆزیتەوە و یاری بە بازاڕ بکات و نرخی خۆراک و کەلوپەل و پێداویستی لەسەر هاوڵاتیان گران بکات.

– رێکارى یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەس و لایەنانە بگیرێتەبەر، کە یارى بە بازاڕ دەکەن و نرخی خۆراک و پێداویستی لە سەر هاوڵاتیان زیاد دەکەن.

–  لە پێناو پاراستن و سەلامەتیى گیانى هاوڵاتیان و رێگەگرتن لە ساخکردنەوەی خۆراکی ماوه‌بەسەرچوو و بێ کوالێتی، هەڵمەتى لیژنەکان و بەدواداچوون و پشکنین بۆ کۆگاکانى خۆراک، دەرمان، مۆڵ، مارکێت و شوێنەکانى ترى هاوشێوەیان لەناو شار و دەرەوەى شار بەردەوام بێت.

– لە بازگەکان چاودێریى توند بکرێت و رێگە نەدرێت خۆراک و کەلوپەلى ماوەبەسەرچوو هاوردەى سنوورى پارێزگاى هەولێر بکرێت.

– تیمەکانى شارەوانى لە رێکخستنى بازاڕ و چاودێریکردنى شوێنە گشتییەکان و پاککردنەوەى بەردەوامى نێو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بەردەوام بن.

–  رێکخستنى خشتەى مۆلیدە ئەهلییەکان و کارەباى نیشتمانى، دەبێت لە کاتى بەربانگ و پارشێواندا کارەبا بە هاوڵاتیان بدرێت.

–  کوشتارگەى هاوچەرخى هەولێر و فێتەرنەرى بە هاوبەشى لەگەڵ لیژنە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەک ساڵان رێوشوێنى پێویست بگرنەبەر.

– ئامادەباشی هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش و گرتنەبەرى رێکارێکى پێویست لە شوینە گشتییەکان بە تایبەتى لە شەوانى مانگى پیرۆزى رەمەزان، لە پێناو پاراستنى ئارامى و ئاسایشى شار و سەر و ماڵى هاوڵاتیان.

– کردنەوەى بازاڕى شەوانى رەمەزان لە سەنتەرى شار لەلایەن سەرۆکایەتیى شارەوانى هەولێر، لە رووى رێکخستن و رێکارەکانى بە باشى و بەبێ کەموکوڕى بەڕێوەببرێت.

– تەنیا لە (10) شەوە كۆتاییەكانی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەرگای مزگەوتەكان كراوە دەبن تا نوێژی بەیانی، تەنیا پێشنوێژ و وتارخوێنی فەرمی مزگەوتیش بۆیان هەیە مەراسیمە ئایینیەكان و تەراویح ئەنجام بدەن، بەپێچەوانەوە هیچ كەسێكی تر بۆی نییە چالاكی ئەنجام بدات.

– لە مانگى پیرۆزى رەمەزان دەوامی فەرمی لە دام و دەزگا و فەرمانگەكانی حكومەت لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆ ماوەی یەك كاتژمێر كەم بكرێتەوە.

وەزارەتی ئەوقاف رێنماییە شەرعییەکانی بۆ مانگی رەمەزان...

وەزارەتی ئەوقاف رێنماییە شەرعییەکانی بۆ مانگی رەمەزان بڵاوکردەوە