زستان و هاوینی بۆ نییە
پیاوی غەسڵەکە؛ 40 ساڵە لە بەردەم چێشتخانەکانی رێگەی بەغدایە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
حەوێز خورشید، هاوڵاتییەکی دانیشتووی قەزای دوزخورماتووە، تەمەنی 55 ساڵەو زیاتر لە 40 ساڵە پیشەی ششتنی ئۆتۆمبێلە و هەر لە تەمەنێکی منداڵییەوە دەستی داوەتە ئەو پیشەیە، لەرابروودا لە پێش زۆرینەی چێشتخانەکانی سەر رێگای گشتی کەرکوک بۆ بەغدا و شارەکانی دیکەش هەمان کاری کردووە.
مام حەوێز بەو تەمەنەشەوە، هێشتا دەستبەرداری کارەکەی نەبووە و بژێوی خۆی خێزانەکەشی لەسەر ئەو کارەیە، کە بەوەرزی زستان و هاوین دەست و پلی لە کەفاو و ئاو دەکات و خۆڵ و تۆزی سەر رێگە، لە ئۆتۆمبیلەکان دەکاتەوە.
هەر ئۆتۆمبیلێک دوو بۆ سێ هەزار دینار وەردەگرێ.
حەوێز خورشید، کە لە بەرهەمێکی 964 بەشداری کردووە دەڵێت، لە ساڵی هەشتاکانەوە دەستی بەم کارە کردووە و بەشێک لەو هاوڕێیانەی کە لەگەڵی هەمان پیشەیان کردووە، زۆربەیان لەژیان نەماون، بەڵام ئەو ساڵانێکە، رۆژانە لە کاتژمێر 6:00ی بەیانی دێتە دەرەوە، تاوەکو کاتژمێر 7:00ی ئێوارە لەسەر کارەکەی دەمێنێتەوە.
مام حەوێز، ئێستا لەپێش چێشتخانەیەکی بچووک و لە سنوری قەزای دوزخورماتوو کاری ششتنی ئۆتۆمبێل دەکات، دەشڵێت، بەنیاز نیم واز لەو پیشەیە بهێنم، چونکە پێی وایە کارێکی حەڵاڵە و منداڵەکانی بەو پیشەیە پێگەیاندووە، کە ئێستا خاوەنی چوار منداڵە، دوانیان خاوەن بڕوانامەی زانکۆن و دوانەکەی تریشی خوێندکاری زانکۆن.
کاوە سڵێمان، خاوەنی چێشتخانەیە کە مام حەوزێزی لێیە ئەو بە 964ـی وت، ماوەی سێ ساڵە مام حەوێز لەبەردەم چێشتخانەکەی کاری ششتنی ئۆتۆمبێل دەکات و لەماوەی کارکردنیدا، جگە لەخۆی خەڵکانێکی زۆر لێی رازین و دەڵێن، دڵی کەسی نەهێشتاندووە.
ئەو خاوەن چێشتخانە، هیچ لە بەرامبەر کارەکەی هیچ بڕە پارەیەک لە مام حەوێز وەرناگرێ، ئەوەی پەیدا دەکات بۆ بژێوی خۆی و خێزانەکەی دەیباتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا