سوپا بڵاوەى پێکراوە

مۆڵەتی جوتیارانی سەرگەڕان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆتایى هات

964+

کاروان ساڵحی-کەرکوک

مۆڵەتەکەی جوتیارانی سەرگەڕان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆتایی پێهات و جوتیارانیش نە دەستیان بە کێڵاندنی زەویەکانیان کرد ونە گردبونەوەی نارەزایەتیان ئەنجام دا، بەڵام سوپای عیراق هێزی لە ناو گوندی شەناغە بڵاوکردووەتەوە.

محەمەد ئەمین نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان بە964ـی وت،”دوای ئەوەی هەفتەیەک مۆڵەتمان دا بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کە ئەگەر کێشەکەمان چارەسەر نەکرێت ئەوە زەوەیەکانمان دەکێڵین، ئەمڕۆ دواین رۆژ بوو، بۆیە بە باشمان زانی چەند رۆژێک دیکە چاوەڕوان بین بەهۆی ئەوەی لەئێستادا راسپاردەکان لەبەردەستی سەرۆک وەزیرانە و ئومێدمان هەیە کە بەزووترین کات واژو لە سەر راسپاردەکان بکات”.

وەک باسى دەکات، راسپاردەکانیان خاڵی زۆر باشی تێدایەو لەبەرژەوەندی چارەسەری کێشەکانیانە، بۆیە پێیان باش بوو بەهێمنی و دوور لە توند و تیژی چارەسەر بکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، سێشەممەى رابردوو، دواى دروستبوونى گرژى و ئاڵۆزى لە نێوان جوتیارانى کورد و سوپاى عێراق لە شەناغە، شاندێکى ئەنجومەنى وەزیران و پەرلەمانى عێراق سەردانى کەرکوکیان کردن جوتیارانیش مۆڵەتى هەفتەیەکیاندا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانیان.

بە پێی زانیارییەکانی 964 سوپای عیراق ئاگاداری ئەوەیە کە ئەمڕۆ دوا مۆڵەتە، بۆیە لە چەند شوێنێکی ناو گوندی شەناغە سوپا بە هەمەڕى سەربازییەوە بڵاوى پێکراوە.

دوای دەرچوونی یاساى هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی پێشووی رژێمی بەعس، سوپای عێراق رێگری دەکات لە جوتیارانی کوردی ناحیەی سەرگەڕان کشتوکاڵ بکەن، لە کاتێکدا ئەو یاسایە لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە ئیمزای لەسەر کرا و ئەنجومەنی باڵای دادگای فیدراڵی عێراقیش بڕیارەکەی پەسەند کرد و لە رۆژنامەى وەقائیع بڵاوى کردووەتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لە گوندی شەناغە ئاڵۆزی لە نێوان جوتیاران و سوپای عێراق ...

لە گوندی شەناغە ئاڵۆزی لە نێوان جوتیاران و سوپای عێراق دروست بوو