لە ئەنقەرە

لایەنی سەربازیی عێراق و توركیا بەبێ كورد لە بارەی سنوور كۆبوونەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

فەرماندەی هێزە سنوورییەکانی عێراق لەگەڵ فەرماندەی هێزەكانی وشكانیی توركیا كۆبوونەوە و لە بارەی ئاسایشی سنووری نێوان هەردوو وڵات گفتوگۆ كرا، بەڵام هیچ لایەنێكی كوردی و نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگە بەشدار نەبوون.

فەرماندەیی هێزە سنوورییەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوە كرد، فەرماندەی هێزە سنوورییەکانی عێراق لیوا محەمەد عەبدولوەهاب سوکەر ئەلسەعیدی، لە ئەنقەرە رۆژی دووشەممە سەبارەت بە ئاسایشی سنووری هاوبەش و ئاڵوگۆڕی زانیاری، بە یاوەری شاندێكی سەربازی لەگەڵ فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی تورکیا، لیوا سەلجوک بایرەقدار ئۆغڵو و ژمارەیەک فەرماندەی ئاسایشی تورکیا کۆبووەنەوە.

“ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ تاوتوێ کراوە، هەروەها ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا گفتوگۆی لە بارەوە كراوە”، لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە.

هەروەها هاتووە، “ئەم سەردانە لەسەر داوای لایەنی توركیا بووە و دوای زنجیرەیەک رێوشوێن دێت، کە لەلایەن فەرماندەیی هێزە سنوورییەکانی عێراقەوە گیراوەتەبەر بۆ بەهێزکردنی کەرتی سنووری عێراق – تورکیا و دابینکردنی تەکنەلۆژیای چاودێری و چاودێریی هاوچەرخ و زیادکردنی ژمارەی خاڵەکانی لەسەر سنوور”.
لە كۆبوونەوەكەدا هیچ لایەنێكی ئەمنی و سەربازی لە هەرێمی كوردستان بەشدارییان نەكردووە، لە كاتێكدا زۆربەی سنووری توركیا لەگەڵ عێراق، لە سنووری هەرێمی كوردستانەوەیە و بەردەوامیش لەو سنوورەدا شەڕی و پێكدادان لە نێوان سوپای توركیا و گەریلاكانی پە*كە*كە روودەدات.

سنووری عێراق و تورکیا درێژییەکەی 367 کیلۆمەترە لە سێ خاڵی لەگەڵ سوریا لە رۆژئاوا تا سێ خاڵ لەگەڵ ئێران لە رۆژهەڵات درێژدەبێتەوە.

پاسەوانی سنووری عێراق ئۆتۆمبێلی شەڕکەریان وەرگرت

پاسەوانی سنووری عێراق ئۆتۆمبێلی شەڕکەریان وەرگرت