28 ساڵ خزمەت

دایکەکانى قوتابخانەیەک خانەنشین بوون و بە گوڵ ماڵئاواییان لێکرا

964+

عەزیز عەبدوڵا- گۆپتەپە

دوو کارگوزارى قوتابخانەیەکى چوارقوڕنە، دواى ساڵانێک خزمەتکردنى قوتابخانە و قوتابیان، بە چەپڵەڕێزان و پێشکەشکردنى گوڵ، ماڵئاواییان لێکرا و خانەنشین بوون.

غەزال عەبدولرەحمان گۆپتەپەیى و سەوسەن محەمەد، دوو کارگوزارى قوتابخانەى سەید ئەمیرى ناحیەى چوارقوڕنەن، دواى 28 ساڵ خزمەت  ماڵئاواییان لێکرا و خانەنشین بوون.

قوتابخانەکە مەراسیمى رێزلێنانى بۆ ئەو دوو دایکە رێکخست و قوتابیان بە گوڵ و بە چەپڵەڕێزانى سوپاسگوزارییەوە، ماڵئاواییان لەو دوو دایکە زەحمەتکێشە کرد.

غەزال عەبدولرەحمان گۆپتەپەیى بە 964ـى وت،”28 ساڵ خزمەتم هەبووە و وەک منداڵەکانى خۆم سەیرى قوتابییەکان و وەک ماڵى خۆم سەیرى قوتابخانەکەم کردووە و خزمەتم کردوون”.

ئەو دڵخۆشى خۆى پیشاندا بەو ماڵئاوایى و رێزلێنانەى قوتابیان و ئیدارەى قوتابخانەکە بۆیان رێکخستووەو وەک دەڵێت،”ئاگادار نەبووم وتیان وەرەوە بۆ ماڵئاوایى، بەڵام کە بینیم بەم شێوەیە ماڵئاوایم لێدەکەن، هەست بە شانازى دەکەم”.

باسى لەوەشکرد، 28 ساڵە خزمەت دەکات و هیچ رۆژێک لە دەوامەکەى دوانەکەوتووە و دڵى هیچ مامۆستا و قوتابییەکى لەخۆى گران نەکردووە، هەربۆیە ئەوەتا وەکخۆى دەڵێت، مامۆستا و قوتابییەکان دڵتەنگ بوون بە رۆشتنى و پێان وتووە،”مەڕۆ”.

دایکە غەزال، لە ساڵى 1988 لە شاڵاوى ئەنفالدا هاوسەرەکەى ئەنفال دەکرێت، بۆ سێ کوڕ و کچەکەى جگە لە رۆڵى دایک رۆڵى باوکیش دەبینێت.

پیداچوونەوە: وریا فەتاح

لە دوای خانەنشینبوونم کارو چالاکییەکانم دەستپێدەکات

لە دوای خانەنشینبوونم کارو چالاکییەکانم دەستپێدەکات