"بەرگەی سەرما ناگرن"
بۆ لەناونەچوونی نەمامەکانی ناحیەی رزگاری بەشەو ئاویان دەدرێت
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەھۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر، بەشی باخچەکانی شارەوانی ناحیەی رزگاری شەوانە ئاوی نەمام و گوڵەکانی باخچەکانی ناحیەکە دەدەن، بۆئەوەی لە لەناوچوون بیانپارێزن.
یاسین حەمە ئەمین، سەرپەرشتیاری باخچەکان لە شارەوانی ناحیەی رزگاری بە 964ـى وت، ”ئەو نەمامانەی لە گەرمیان دەچێنرێن، زیاتر بۆ گەرما گونجاون و بەرگەی سەرمای بەھێز و ژێر سفر ناگرن، بۆیە بە شەوان ئاوی باخچەکان دەدەین بۆ ئەوەی بیانپارێزین لە سیسبوون”.
“تا ئەوکاتەی کە مەترسی ھەبێت لە دروستبوونی شەختە و سەرمای بەھێز، لە شەوان ئاوی گوڵ و نەمامی باخچە و شەقامەکان دەدەین” یاسین حەمە ئەمین وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵانی رابردووش ئەم ئەزموونەمان تاقیکردووەتەوە سوودمان لێبینیوە، بۆیە ھەرکات پلەکانی گەرما بگەنە نزیک سفر، لە شەوان ئاوی نەمام و باخچەکان دەدەین.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر