کەسوکارى ئەنفالکراوان
37 ساڵە لە چاوەڕوانى رووفاتى ئازیزانیاندان
964+
عەزیز عەبدوڵا – دوکان
کەسوکارى ئەنفالکراوانى دۆڵى جافایەتى 37 ساڵە لە چاوەڕوانى ههێنانەوەى رووفاتى ئازیزانیاندان، هەرچەندە بەشێکیان هێنراونەتەوە، بەڵام ناسنامەیان دیار نییە.
21ـى شوباتى 1988 تا 18ـى ئازارى 1988، قۆناغى یەکەمى شاڵاوى ئەنفال لە دۆڵى جافایەتى دەستىپێکرد، ئەمڕۆ 37 ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا تێدەپەڕێنت کە تێیدا 25 بۆ 30 گوندى سنوورەکە خاپورکران و 482 کەس لە دانیشتوانەکەشیان ئەنفالکران.
شەماڵ محەمەد، تاقانەى ئەنفالە لە دۆڵى جافایەتى، قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”گەڕانەوە و ناسینەوەى تەرمى کەسوکارەکەمان لەپێش هەموو بەرژەوەندییە مادییەکانمان داناوە، بەڵام وەک پێویست ئەو داواکارییانەمان لەبەرچاو نەگیراوە”.
هەرچەندە رووفاتى ژمارەیەک لە ئەنفالکراوانى دۆڵى جافایەتى گەڕێندراوەتەوە، بەڵام تائێستا ناسنامەیان دیارنییە، هەربۆیە، نەسرین کەریم کە یەکێکە لە کەسوکارى ئەنفالکراوان بە 964ـى وت،”نازانین کامیان گۆڕى ئازیزانمانە، دەچینە سەر گۆڕەکان و فاتیحایەک دەخوێنین و تەواو”.
بە وتەى ئاڤان عوسمان، لەکۆى ئەو 485 ئەنفالکراوەى دۆڵى جافایەتى رووفاتى 200 کەسیان گەڕێندراوەتەوە، بەڵام وەک ئەوەى بە 964ـى وت،”حکومەت کەمتەرخەم بووە لە گەیاندنى داواکارى کەسوکارى ئەنفالکراوان، بۆیە کەسوکارى ئەنفالکراوان ئەو یادەیان بۆ گرنگ نەماوە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح