وێنەیەك لە مانۆرێكی پێشووی سوپای ئێران، فۆتۆ: ئاژانسەكان
هەڕەشەش دەكەن
ئێران حیساب بۆ ئەمریكا ناكات و مانۆری سەربازی دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سوپای ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنی مانۆڕێكی سەربازیی بەرفراوان لە ژێر ناوی “زولفقار 1403″، فەرماندەی مانۆرەكانیش دەڵێت، هەر كەسێك هێرشیان بكاتەسەر بێ وەڵام نابن.
ئەمڕۆ شەممە 22.2.2025 سوپای ئێران مانۆرێكی سەربازی ئەنجام دەدات، كە لە ناوچەی مەکرانەوە دەستپێدەكات لە کەنارەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، تا باکووری زەریای هیندی و ئاوە ستراتیژییەکان، تا دەگاتە 10 پلەی پانی، بەپێی ئەوەی ماڵپەڕی ئێران ئینتەرناشناڵ بڵاویکردووەتەوە.
ئەمەش لە كاتێكدایە گرژی لە نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
حەبیبوڵڵا سەیاری، فەرماندەی مانۆڕەکانی سوپای ئێران هۆشداری دا لەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران بێ وەڵام نابێت.
سەیار وتی: هەر دوژمنێک پێیوابێ توانای زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانمانی هەیە لەسەر زەوی، لە ئاسمان یان دەریادا، زیانێکی زۆری پێدەگات.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو مانۆڕانە نوێترین توانا سەربازییەکانی ئێران دەردەخەن، هاوکات هێزی زەمینی، بەرگریی ئاسمانی، هێزی دەریایی ستراتیژی، فەرماندەیی هاوبەشی بەرگریی ئاسمانی بەشداریی مانۆرەكە دەكەن.
ئەم لێدوانانەی سەیارى لە کاتێکدایە، باس لەوە دەکرێت ئیسرائیل پلانی هەیە لە نیوەى یەکەمى ئەمساڵدا هێرش بکاتە سەر پێگە ئەتۆمییەکانى ئێران.
بە گوێرەی ئەو راپۆرتانەی رۆژنامەكانی وۆڵ ستریت جۆرناڵ و واشنتۆن پۆست بڵاویان کردووەتەوە، هەواڵگری ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات ئیسرائیل پێی وایە ئێران لە دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل لە 26ی ئۆکتۆبەری رابردوو، زیاتر لاواز بووە، کە دەوترێت زیانێکی زۆر بەر بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران كەوتووە.