تەرمی كوژراوەكەی دوزخورماتوو لە كاتی گواستنەوەی
رووداوەكەی خورماتوو
بكوژ گیراوە و ئامۆزای كوژراوەكەیە و كەسێكی دیكەش هەڵاتووە
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لە بارەی ئەو هاوڵاتییەی ئەمڕۆ ئێوارە لە دوزخورماتوو كوژرا، بە قسەی پۆلیسی قەزاكە، بكوژ و كوژراو ئامۆزای یەكترن و لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی كوشتنەكە روویداوە.
درەنگانێکی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 21.2.2025 هاوڵاتییەکی دانیشتووی خورماتوو لە کاتی گەڕانەوەی لە گەشت و سەیران لە نزیک دەروازەی قەزاکە، لە لایەن ئۆتۆمبێلێکەوە دەستڕێژی لێکرا و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.
عەمید حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی گشتیی خورماتوو بە964ـی وت، رووداوەکە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە و بکوژ و کوژراو ئامۆزای یەکترن و کوژراوەکە ماوەی مانگێکە لە زیندان بووە بە تۆمەتی فڕێدانی نارنجۆک بۆ ماڵی بکوژ، بەڵام پاش مانگێک لە گرتنی ، تۆمەتەکەی بەسەردا ساغنەبووەتەوە و دادگا ئازادی کردووە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیک دەروازەی قەزاکە لە کاتی گەڕانەوەی لە ناوچەی خدر وەلیی سنووری خورماتوو لە نزیک دەروازەی قەزاکە لەلایەن دوو ئامۆزای خۆیەوە دەستڕێژی گوللـەیان لێکردووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
وتیشی، هەر دوای رووداوەکە بەشی هەواڵگری و سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکانی قەزاکە بە دوای بکوژاندا کەوتوون و دواجار لە نزیک چوارڕەیانی قادرکەرەم یەکێک لە بکوژەکان کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری کامری پێ بووە، گەمارۆدرا و دەستگیرکراوە، ئەوەی دیکەش ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکابی پێبووە و هەڵهاتووە، ئێستاش هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هەرێمدا کراوە بۆ دەستگیرکردنی بکوژەکەی دیکە، چونکە سنووری ژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەکانی عێراقی تێپەڕاندووە”.
سەرچاوەیەكی دیكەش لە پۆلیسی خورماتوو ئەوەی بە 964 راگەیاند، هێزێكی ئەمنی چوونەتە بەردەم ماڵی بكوژەكە، لە ترسی ئەوەی نەوەك خانەوادەی كوژراو بەسەریاندا بدەن و هەوڵی تۆڵەسەندنەوە بدەن.
کوژراوەکە ناوی ر.ع و کوردە و تەمەنی 28ساڵە و خێزانداریشە، خاوەن چوار منداڵە و دانیشتووی گەڕەکی کۆماری خورماتووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا