31 سانتیم بەفر باریوە
95%ـی رێگاکانی سنووری پارێزگای دهۆک لە بەفر پاککرانەوە
964+
هێڤی دێوالی – دهۆک
بەهۆی بەفربارینی شەوی رابردوو، چەندین رێگای سەرەکی سنووری پارێزگای دهۆک داخران، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاراستنی رێگاوبانی دهۆکیش دەڵێت، لەبەیانیەوە تائێستا تیمەکانیان سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگاکانن و 95٪ـی رێگاکان پاک کراونەتەوە.
رێژەی بەفربارینی 24 کاتژمێری رابردوو لە ناوچەکانی دهۆک بەم شێوەیە بووە؛ لە سنووری قەزای ئامێدی و لە ناحیەی کانی ماسێ 31 سم، ناحیەی چەمانکێ و سەرسنگ 10 سم، ناحیەی بامەڕنێ 4 سم، ناحیەی شێلادزێ 1 سم و لە ناحیەی مانگێش 6 سم بەفر باریوە.
ئەمڕۆ هەینی 21.2.2025 رێدیر سلێمان جێگیری بەڕێوەبەری گشتی پاراستنی رێگاوبانی دهۆک بە 964ـی وت، “لەسنووری پارێزگای دهۆک 11 تیمی راماڵینی بەفر هەیە، تیمەکانیش دابەش کراون بەسەر ئەو ناوچانەی کە بەفریان لێ باریوە و بەردەوام سەرقاڵی کردنەوەی رێگاکانن، تا ئێستاش 95٪ـی رێگاکانیان لەبەفر پاک کردووەتەوە”.
وتیشی، شەوی رابردوو بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە رێگا سەرەکییەکانی ناحیەکانی ئامێدی و ئاکرێ گیرابوون، هاوڵاتییەکی زۆریش لە سنووری قەزای ئامێدی ئۆتۆمبێلەکانیان لەسەر رێگاکان جێهێشتبوو، ئێستا رێگاکان کراوەن و شۆفێران دەتوانن هاتوچۆ بکەن.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی دهۆک کە دەست 964 کەوتووە، لە وەرزی بارانبارینی 2024-2025 تائەمڕۆ 725.8 ملم باران لە دهۆک باریوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری