لەناو هەناوی ئەمریکاوە
چەند رۆژێکی تر نهێنی سەرۆکە کوژراوەکە ئاشکرا دەبێت و ئەپڵیش زۆری بەدەستەوەیە
964+
ژووری هەواڵ
تێگەیشتن لە نهێنییەکانی ناو هەناوی ئەمریکا خەڵکی خۆی دەوێت، خەڵکێک کە لێی شارەزا بێت و ئاگاداربێت و سەری لێ دەربکات، ئەو خەڵکە شارەزایەش لای 964 باسی دەکات.
964 بە چەند ڤیدیۆیەک نهێنییە پەی پێنەبراوەکانی ئەمریکای بۆ باسکردن، ئەوەی ئەمجارەش درێژکراوی ئەو زنجیرەیەیە.
ترەمپ لە کەمپەینی سەرۆکایەتی ئەمریکا وتی زۆر نهێنی گەورە هەیە بۆ خەڵکیان ئاشکرا دەکات، یەک لەو نهێنییانە دۆسێی کورژانی جۆن کێنیدی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکایە.
کێنیدی سەرۆکی ژمارە 35ی ئەمریکا بوو، لە مانگی یانزەی 1963 نیشانەشکێنێک کردییە ئامانج و کوشتی، لەو کاتەوە تائێستا باس و خواس لەسەر ئەو دۆسێیە بەردەوامەو زۆر کەس گومانیان لە رووداوەکە هەیە، بۆیە خەڵک حەز دەکەن بزانن راستییەکە چۆن بووە، ئەوەی لای دەزگا نهێنییەکانی ئەمریکا پارێزراوە.
ئێستا 14 هەزار بەڵگەنامە ئامادەن لەسەر ئەو دۆسێیەو قەول وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئاشکرا بکرێن.
جا مەسەلەکە هەر ئەوە نییە، ترەمپ بەڵێنی داوە چوار ساڵی شەفافیەت لەرێگا بێت، زۆر دۆسێی تر هەیە ئاشکرا دەبن، گێچەڵە سێکسییەکان و هەڵای کەمپەینی (METOO) لەناو ئەو دۆسێیانەدان.
ئەگەر ئەتانەوێ بزانن کەمپەینەکە چییە، هەمووی لە ڤیدیۆی هاوپێچی ئەم هەواڵە داندراوە.
جگە لەمانە ئەم چەند رۆژە باس باسی ئەپڵە، کۆمپانیا زەبەلاحەکە زۆری لە هەگبەدایە، فشاری لەسەرە بچێتە بەرەی کۆمارییەکانەوە، ئەویش بە ئاسانی خۆی نادات بە دەستەوە.
ئەمانەی کە باسکران کلیلێکن بۆ باسە گەرموگوڕەکەی ناو ئەم زنجیرە ڤیدیۆیە.
ئەم چەند ساڵەی رابردوو لە ئەمریکا دەستەواژەی ”کەلتوری سڕینەوە” زۆر پەرەی سەندووە، هەرکەس بکەوێتە بەر ئەم شاڵاوە عاقیبەتی خێر نابێت.
هانا سەعید شرۆڤەکارێکی کوردی شارەزاو لێزانە لە دۆخی ئەمریکا، بە زنجیرەیەکی سێ ئەڵقەیی وردو درشتی کەلتوری سڕینەوە بۆ وەرگرانی 964 باسدەکات، ئەم ڤیدیۆیە یەکەمیانە، پێشنیارتان بۆ دەکەین بیبینن.