پانتۆڵی چارلس و گرامی و سوپەر بۆڵ
کۆمارییەکان دەڵێن لەسەر هاوڕەگەزخوازی 10 هەزار فەرمانبەر دەرکراون
964+
ژووری هەواڵ
ئەم هەفتەیە ئەمریکا پڕیبوو لە رووداوی جێ مشتومڕ، یاری کۆتایی سوپەر بۆڵ و خەڵاتەکانی گرامی دیسان بەزمی دیموکرات و کۆمارییەکانیان گەرم کردەوە، ترێندی پانتۆڵی چارلس گەڕایەوەو لەهەمووشی سەیرتر دەرکردنی 10 هەزار فەرمانبەر بوو کە تیمەکەی ترەمپ گرێی دەدەنەوە بە پشتیوانی هاوڕەگەزخوازەکانەوە.
دوو رۆژ پێش ئێستا لە ئەمریکا یاری سوپەر بۆڵ بەڕێوەچوو، ترەمپ یەکەم سەرۆکی ئەمریکایە کە بچێت بۆ بینینی یارییەکە، لەوێش تایلۆر سویفت هەبوو کە بووەتە ئایکۆنی دیموکراتەکان، ئەم یارییە جارێکی تر ململانێی دیموکرات و کۆمارییەکانی دەرخستەوە، ئەمە ئەو یارییە بوو کە مۆدی پانتۆڵی چارلسی هێنایەوە.
ململانێیەکە هەر ئەمە نەبوو، تەنانەت لەسەر خەڵاتەکانی گرامییش ناکۆک بوون، بیۆنسە خەڵاتەکەی بردەوە ، دیموکراتەکان پێیان خۆش بوو کۆمارییەکان دژی بوون.
هەر ئەم هەفتەیە مقۆمقۆی زۆر هەبوو لەسەر داخستنی ئاژانسی هاوکاری ئەمریکا USAID ترەمپ بە بڕیارێکی سەرۆکایەتی دایخست و 10 هەزار فەرمانبەری ناردەوە ماڵەوە.
ئەم بڕیارە لە ژێر سەری ئیلۆن مەسکی گەورە سەرمایەداردایە کە ئێستا وەزیری کارامەییە، مەسک دەڵێت خەرجییەکانی ئەمریکا بەو شێوەیە کەم دەکاتەوە، چونکە ئەو ئاژانسە ساڵانە 20 بۆ 40 ملیار دۆلار بەهەدەر دەدات.
ئەوەی رێگەکەی بۆ کۆمارییەکان خۆش کرد ئەوەیە دەڵێن ئەو ئاژانسە رووی ئەمریکای رەش کردووە، چونکە پشتیوانی هاوڕەگەزخوازەکان دەکات لە دنیا.
هانا سەعید شرۆڤەکارێکی کورد و لە ئەمریکا دەژی، لە نزیکەوە ئاگای لە ناوەندە سیاسی و میدیاییەکانی ئەو وڵاتەیە، لە ڤیدیۆیەکدا بە وردی باسی ئەم رووداوانەی کردووە، پێشنیارتان بۆ دەکەین بیبینن.