کێڵگەیەکى نەوت لە هەرێمی کوردستان _ وێنە: ئاژانسەکان
قسەی وەزیری وزەیە
تورکیا هیچ راسپاردەیەکی لەبارەی هەناردەی نەوت پێ نەگەیشتووە
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزیری وزەی تورکیا دەڵێ، هیچ زانیاری و راسپاردەیەک بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەکردنەوەى نەوت لە عێڕاقەوە بە تورکیا نەدراوە.
ئەوە لە کاتێدا دوو رۆژ بەسەر لێدوانەکەی وەزیری نەوتی عێراق تێپەڕێوە، کە وتبووی، لەم هەفیەیەدا هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە.
ئالب ئەرسەرلان بایرەکدار، ئەمڕۆ سێشەممە 19.2.2025 بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتووە، ئاگاداری بڕیارێکی ناوخۆیی عێراقن بۆ دووبارە دەستکردنەوە بە هەناردەکردنەوەى نەوت بە بەندەری جەیهانى تورکیا.
هاوکات وەزیری وزەى تورکیا دەڵێت، تاوەکو ئێستا لە عێراقەوە هیچ زانیاریی و راسپاردەیەکیان بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەکردنەوەى نەوت پێنەگەیشتووە.
هەناردەی نەوت لە مانگی ئازاری 2023 لەلایەن تورکیاوە ڕاگیرا، دوای ئەوەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی فەرمانی بە ئەنقەرە کردبوو کە بە بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرەبووی بەغدا بکاتەوە بۆ هەناردەکردنی بۆریی بێ مۆڵەت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.