دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن

یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزاری جوتیاران لە رۆژنامەی وەقایع بڵاوكرایەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی دادی عێراق بڵاوکردنەوەی یاسای باری کەسی و لێبوردنی گشتی و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی بۆ خاوەنەکانیان راگەیاند و وێنەی رۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاوكردەوە، بەمەش بڕیارەكان دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە.

وەزارەتی داد ئەمڕۆ سێشەممە 18.2.2025 دەرکردنی ژمارەی نوێی رۆژنامەی وەقایعی عێراقی ژمارە (4814)ی راگەیاند، کە کۆمەڵێک یاسا و رێسا و رێنمایی نوێ لەخۆگرتووە، بە تایبەتی بڕیارەكانی ئەم دواییەی پەرلەمانی عێراق.

بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی داد هەیفا شوکر مەحمود رایگەیاندووە، لە ژمارەی رۆژنامەكەدا یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2025ی هەموارکردنی یاسای باری کەسیی ژمارە (188)ی ساڵی 1959، یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2025 هەموارکردنی دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە (27)ی ساڵی 2016 و یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2025 سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشگێڕی بەعسی هەڵوەشاوەی تایبەت بە گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی بۆ خاوەنەکانیان تێدا بڵاوكراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەش كردووە، ژمارەی رۆژنامەكە، هەروەها یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2025ی تایبەت بە یەکەمین هەمواری یاسای بودجەی گشتیی کۆماری عێراق بۆ ساڵانی دارایی (2023 – 2024 – 2025) ژمارە (13)ی ساڵی 2023ی لەخۆ گرتەوە، لەگەڵ چەند بڕیارێكی دیكە.

بڵاوبوونەوەی یاسا نوێیەكانی پەرلەمانی عێراق لە رۆژنامەی وەقایعی عێراق، مانای چوونە بواری جێبەجێكردنی بڕیارەكانە بە شێوەیەكی كارا، ئەوەی جوتیارانی كوردیش چاوەڕێی دەكەن، بڕیاری گەڕاندنەوەی زەویوزارەكانیانە، كە ئێستاش كێشەی لەسەرە و لە دوو رۆژی رابردووشدا لە ناوچەی سەرگەڕان و گوندەكانی سەر بەو ناوچەیە، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان جوتیاران و سوپای عێراق روویداوە.

یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزاری جوتیاران لە رۆژنامەی وەقایع بڵاوكرایەوە

سەرۆکایەتیی هەرێم لەسەر کێشەی جوتیارانی سەرگەڕان هاتە...

سەرۆکایەتیی هەرێم لەسەر کێشەی جوتیارانی سەرگەڕان هاتەدەنگ