دەستڕەنگینى خوێندکارێکى زانکۆ
شیرینى بە تام و شێوەی گوڵت خواردووە؟
964+
ئاکام غەفور- سۆران
خوێندکارێکى دەستڕەنگینى زانکۆ سۆران، بە شێوازێکى جیاواز و جوان کێک و شیرینى دروست دەکات و لە شێوەى گوڵ دەیڕازێنێتەوە.
لە دووەمین کۆڕبەندى پەرەپێدانى هێزى کار لە کوردستان کە ئەمڕۆ لە زانکۆى سۆران بەڕێوەدەچێت، خوێندکاران بە داهێنان و دەستڕەنگینییەکانیان بەشداریان کرد و کارەکانى خۆیان نمایش کرد.
دلڤین فەخری، یەکێک لە خوێندکارەکانى زانکۆى سۆرانە بە دەستڕەنگینییەکەى سەرنجى بەشداربووانى راکێشاوە.
ئەو لە شێوەى چەپکە گوڵ شیرینى و کێک دەڕازێنێتەوە، تایبەتمەندییەکەى ئەوەیە هەم وەک گوڵ نمایش دەکرێت و وەک شیرینى و کێکیش دەخورێت.
دلڤین کە ساڵێک و شەش مانگە دەستى داوەتە ئەو کارە، قسەى بۆ 964 کرد و وتى، “زیاتر بۆ رۆژى ئاهەنگى لەدایکبوون و هاوسەرگیرى ئەو جۆرە گوڵ و شیرینییانە دروست دەکەم، چونکە هەم گوڵە و هەم شیرینى”.
وەک باسى دەکات، خواستێکى زۆرى لەسەرە و ئازیزان بۆ بۆنە و یادەکان داواى دەکەن تا بۆیان دروست بکرێت و پێشکەشى یەکترى بکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح